پۆلیسی ئەڵمانیا بە تۆمەتی تووشکردنی خەڵک بە کۆرۆنا سزای کچێکی ئەمریکی دەدات

پۆلیسی ئەڵمانیا بە تۆمەتی تووشکردنی خەڵک بە کۆرۆنا سزای کچێکی ئەمریکی دەدات

بەرپرسانی شاری گارمیش پارتنکیرخن لە باشووری ئەڵمانیا ئاشکرایان کرد کە کچێکی ئەمریکی لە چەند رۆژی رابردوودا بووەتە هۆی تووشبوونی ژمارەیەکی خەڵک لەو شارە بە پەتای کۆرۆنا، هەر بۆیە پۆلیسی ئەو شارە سزای دارایی بەسەردا دەسەپێنێت.

پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە کچێکی تەمەن 26 ساڵی خەڵکی ئەمریکا چەند رۆژێکە سەرەڕای ئەوەی نیشانەکانی تووشبوون بە کۆرۆنای هەبووە و داواشی لێکراوە خۆی کەرەنتین بکات، بەڵام لەو شارەدا لە شوێنی خۆی دانەنیشتووە و بەردەوام خەریکی گەڕان بووە بەنێو باڕ و شوێنە گشتییەکاندا.

بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەو کچە ئەمریکییەوە ڤایرۆسەکەیان بۆ گوازراوەتەوە.

پۆلیسی ئەو شارە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کچە، کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، دەبووایە چاوەڕێی دەرکەوتنی پشکنینەکەی بێت، بەڵام ئەو پێش ئەوەی ئەنجامی پشكنینەکەی دەربچێت، بەردەوام بووە لە گەڕان و سەردانیکردنی شوێنە گشتییەکان.

بەرپرسانی ئەو شارە داواشیان لە گەنجانی شارەکە کردووە، بەتایبەت ئەوانە لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی باڕ و رێستروانت و یانەکانی شەوانەیان کردووە، بە زووترین کات پشکنین بۆ خۆیان بکەن.


rudaw
Top