کۆچبەرانی لێسبۆس: کامپمان ناوێت
هەفتەی رابردوو بەهۆی سوتانی کامپی میرا لە لێسبۆس هەزاران کۆچبەر کەوتنە سەر شەقامەکان.
حکومەتی یۆنان بڕیاری داوە بەشێکی ئەو کۆچبەرانە بنێرێت بۆ کامپێکی سەربازی، نەتەوە یەکگرتووەکانیش 280 چادری لە نزیک شوێنی کامپەکە هەڵداوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی کۆچبەرەکان لەوێ بمێننەوە.
بەڵام رۆژی دووشەممە 2020/09/14 بەشێکی ئەو کۆچبەرانە کە زیاتر ژن و منداڵ بوون، خۆپێشانداێکیان لە لێسبۆس رێکخست و تێیدا داوایان دەکرد رێگەیان بدەن لە دوورگەکە بچنە دەرەوە و بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بڕۆن.
کۆچبەرەکان دەیانگوت، "ئێمە نامانەوێت کامپێکی دیکەمان بۆ دروست بکەن، ئێمە ئازادیمان دەوێت و دەمانەوێت لێرە بچینە دەرەوە".
کامپی مۆریا لە لێسبۆس شوێنی مانەوەی دوو هەزار و 750 کەسە، بەڵام تا هەفتەیەک پێش ئێستا نزیکەی 13 هەزار کەس لەو کامپە دەمانەوە.
ئێستا دوای سووتانی ئەو کامپەش، سەرەڕای گواستنەوەی 800 کەس لەلایەن حکومەتی یۆنان و دابینکردنی چادر بۆ نزیکەی هەزار کەسی دیکە، بەڵام هێشتا نزیکەی 10 هەزار کۆچبەر لە شەقامەکانی لێبسۆسدا دەمێننەوە.
پۆلیسی لێسبۆس پێیان وایە ئاگرەکەی چوارشەممەی رابردوو بە ئەنقەست لەلایەن کۆچبەرەکانەوە کراوەتەوە، بەتایبەت کە ئەوان تووڕەبوون لە دانانی رێکاری تەندروستی و گۆشەگیرکردنی کامپەکە بەهۆی دەرکەوتنی 35 توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
rudaw
