بەهای ئارامکۆ پێش ئەپڵ کەوت

بەهای ئارامکۆ پێش ئەپڵ کەوت
ئارامکۆی سعودی جارێکی دیکە بووەوە گرانترین کۆمپانیا و پێش کۆمپانیای ئەپڵ کەوتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا بەهای سەرمایەی ئەپڵ گەیشتە 1.82 تریلیۆن دۆلار و پێش سەرمایەی ئارامکۆ کەوت.

کۆمپانیای ئارامکۆ کە لە لایەن دەوڵەتی سعودیەوە خاوەندارێتی دەکرێت، سەرەڕای ناجێگیریی نرخی نەوت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەهای پشکەکانی بە رێژەی 1.1٪ بەرزبوونەتەوە و ئێستا بەهای بازاڕییەکەی 1.925 تریلیۆن دۆلارە.

کۆمپانیای ئەپڵ کە خاوەن گەورەترین بەهای بازاڕی بوو، لە مانگی ئەیلوولدا نزیکەی 17٪ی بەهای پشکەکانی دابەزیوە، بە شێوەیەک بەهای بازاڕی ئەو کۆمپانیا تەکنەلۆژییە لە 2.3 تریلیۆن دۆلار بۆ 1.9 تریلیۆن دۆلار پاشەکشەی کردووە کە یەکسانە بە دابەزینی 20٪ی ئەو کاتەی بەهای بازاڕی گەیشتە لووتکە.

تاوەکو ئێستا ئەپڵ و ئارامکۆ دوو تاکە کۆمپانیان بەهای سەرمایەکانیان گەیشتبێتە دوو تریلیۆن دۆلار.

ئارامکۆی گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوەڕاستی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا دوای ماوەیەکی کەم لە خستنەڕووی پشکەکانی لە بازاڕی تەدوالی سعودیە بەهاکەی گەیشتە سەرووی دوو تریلیۆن دۆلار.

لە مانگی تەممووزدا بۆ جاری یەکەم کۆمپانیای تەکنەلۆژیی ئەپڵ توانیی پێش ئارامکۆ بکەوێت، ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە پاکێجە هاندانە ئابوورییەکانی ئەمریکا و سیاسەتی دارایی ئەو وڵاتە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رایگەیاندن.

هۆکاری ئەوەی بەهای پشکەکانی ئارامکۆ لەنێو داڕمانی نرخی نەوتدا بە بەرزی ماونەتەوە، بەڵێنەکانی ئەو کۆمپانیایە بە پێدانی بڕی 75 ملیار دۆلار بە خاوەن پشکەکان، ئەوەش چوار هێندەی ئەو بڕەیە کە ئەپڵ داویەتە خاوەن پشکەکان لە چوار چارەکی رابردووی ئەمساڵدا.



rudaw
Top