ئیسرائیل سێ هەفتە قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیێنێتەوە

ئیسرائیل سێ هەفتە قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیێنێتەوە
بەمەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیێنێتەوە، بەمەش دەبێتە یەکەمین وڵات کە دووبارە ئەو رێکارە بگرێتەبەر.

بەهۆی پشووە نیشتمانییەکانەوە کە لە یەک مانگی داهاتوودا دێنە پێش، حکومەتی ئیسرائیل ئەو بڕیارەی داوە، ئەمەش بۆ رێگری لە گردبوونەوەی گەورە و رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا. بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆکەش لە کاژێر 02:00ی ئێوارەی رۆژی هەینییەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، کە ئەو ئێوارەیە بۆنەیەکی تێدایە بەناوی رۆش هاشانا.

تاوەکو ئێستا لە ئیسرائیل زیاتر لە 37 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، لانیکەم هەزار و 103 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هۆشدارییەکانی بەرپرسانی تەندروستی وایان لە حکومەت کرد کە ئەو بڕیارە بدات.

قەرەباڵخیی خەڵکی لە شوێنی داخراودا بۆ 10 کەس و لە شوێنی کراوەدا بۆ 20 کەس سنووردارکراوە، نەتەنیاهوو دەڵێت، لەبارەی پەرستشە ئایینییەکانیشەوە بڕیارێکی دیکە دەدەن. مارکێت و دەرمانخانەکانیش بە کراوەیی دەمێننەوە.



rudaw
Top