حکوومەتی بەحرێن لەبارەی ئیسرائیلەوە وەڵامی ئێران دەداتەوە

حکوومەتی بەحرێن لەبارەی ئیسرائیلەوە وەڵامی ئێران دەداتەوە
وەزیری دەرەوەی شانشینی بەحرێن لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەداتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 13-9-2020، عەبدوللەتیف بن راشد زەییانی، وەزیری دەرەوەی بەحرێن بە کەناڵی (ئەلعەرەبییە)ی راگەیاندووە، بەحرێن وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و دەستوەردانی ئێران لەکاروباری ناوخۆ و بڕیارەکانی، رەت دەکاتەوە.

عەبدوللەتیف بن راشد زەییانی هەروەها رایگەیاندووە، ئێران بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاڵپشتیی میلیشیاکانی ناوچەکە دەکات.

رۆژی شەممە (دوێنێ) بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبوو، رێککەوتنی بەحرێن و ئیسرائیل ”لەکەی شەرمەزارییە و هەنگاوێکی سەرکزانەیە بۆ کردنە قوربانیی کێشەی فەلەستین لە بەرژەوەندیی هەڵبژاردنی ئەمریکا“.

رۆژی شەممە 12-9-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دوای ئیمارات، بەحرێن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.

پێشتریش لە رۆژی 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.












باسنيوز



Top