بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی ڤۆڵکسواگن دادگایی دەکرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی ڤۆڵکسواگن دادگایی دەکرێت
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای ڤۆڵکسواگنی ئەڵمانی و چەند کارمەندێکی دیکە رووبەڕووی دادگا دەکرێن و تۆمەتی فێڵکردنیان لە پێوەری دەرچوونی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن لە ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیاکە ئاراستە دەکرێت.

دادگای ئەڵمانیا رایگەیاند، گومانێکی تەواو هەیە، واتە ئەگەری زۆرە پرۆفیسۆر دکتۆر وینتەرکۆرن تاوانباربێت بە ساختەکاری بازرگانی و رێکخراو.

‌هەرچەندە تاوەکو ئێستا وادەی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکە دیارینەکراوە، بەگوێرەی دادگای شاری برونسویگ چوار کەسی دیکەش تۆمەتبارکراون بە فێڵکردن، ساختەکاری و خۆدزینەوە لە باج.

سەرەڕای دادگاییکردنەکەی داهاتووی، وینتەرکۆرن تۆمەتی قۆرخکاری بازاڕیشی رووبەڕوو کراوەتەوە.

بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2015، ڤۆڵکسواگن تۆمەتبارکرا بەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئەمریکا فرۆشتوونی فێڵ لە پێوەری خوێندنەوەی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن کراوە کە لە کاتی سووتانی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلەکان دەچێتە هەواوە. هەر زوو دوای ئاشکرابوونی ئەو رووداوە ئابڕووبەرە لە کەرتی پیشەسازی ئۆتۆمبێل، وینتەرکۆرن دەستیلەکارکێشایەوە، هاوکات هەموو ئەو تۆمەتانەشی رەتکردەوە و رایگەیاند ئاگاداری ئەو کارە نەبووە کە کاریگەری لەسەر 11 ملیۆن ئۆتۆمبێل لەسەرتاسەری جیهان هەبووە.

دواتر کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن لە ئەمریکا تاوانبارکرا و پێویست بوو ملیاران دۆلار وەک قەرەبوو بداتەوە خاوەن ئۆتۆمبێلەکان، وینتەرکۆرن لەلایەن داواکاری گشتی ئەمریکا بە بکەری سەرەکی دەستنیشانکرا.

تاوەکو ئێستا رووداوە ئابڕووبەرەکەی کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن زیانی زیاتر لە 30 ملیار یۆرۆی لە کۆپانیاکە داوە ئەوەش وەک قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان و خەرجییە یاساییەکان.

لە سەرەتای ئەمساڵ ڤۆڵکسواگن لەگەڵ یەکێتیی بەکاربەرانی ئەڵمانیا گەیشتە لێکتێگەیشتنێک لەبارەی رووداوەکە. کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن بڕیاریدا 830 ملیۆن یۆرۆ وەک قەرەبوو بداتە زیاتر لە 230 هەزار خاوەن ئۆتۆمبێل کە هەر یەکێکیان لەنێوان 1350 بۆ 6257 یۆرۆ وەربگرێت.

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2015، ڤۆڵکسواگن دانی بەوە دانا بەشێک لە تاقیکردنەوەکان لە ئەمریکا دەیسەلمێنن بزوێنەری ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە دیزڵ کاردەکەن زیاتر لەو گازە زیانبەخشە دەردەچووێنن کە پێوەری ئۆتۆمبێلەکان دەیخوێنێتەوە. دوای ئاشکرابوونیشی، ئەمریکا هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی قەدەخەکرد و داوای قەرەبووکردنەوەی لە کۆمپانیاکە کرد.

لە ئەوروپا سەرەڕای ئەوەی داوای قەرەبوو لە کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن نەکرا، بەڵام بەرپرسانی ئەوروپا فشاریان لە کۆمپانیاکە کرد نوێکاری لە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکانی بکاتەوە و سزای فێڵکردنیان بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپاند.

کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن لە ساڵی 1936 لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیاوە دامەزراوە و ئێستا دوای تۆیۆتای ژاپۆنی دووەم گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە 75 جۆری تۆتۆمبێلی بەرهەمهێناوە. لە ساڵی 2019، کۆمپانیاکە 11 ملیۆن ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە کە کۆی داهاتەکەی نزیکەی 28 ملیار دۆلار بووە\



rudaw
Top