تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان بە بەشداریی ئەمریکا لە دەوحە دانوستاندنی ئاشتی دەکەن

تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان بە بەشداریی ئەمریکا لە دەوحە دانوستاندنی ئاشتی دەکەن
گفتوگۆی ئاشتی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بە بەشداری ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. مەبەست لە گفتوگۆکان دیاریکردنی نەخشەڕێگەیەکە بۆ بەڕێوەبردنی ئەفغانستانی دوای جەنگ.

ئەو گفتوگۆیانە بەشێکن لە رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان کە لە 29ـی شوباتی رابردوو لە دەوحە واژۆکرا، کە مەبەست لێی کۆتاییهێنان بە شەڕ و کشاندنەوەی سەربازەکانی ئەمریکا بوو لەو وڵاتە.

بە گوێرەی رێککەوتنەکە ئەمریکا بە چەند قۆناخێک سەربازەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە بەو مەرجەی تاڵیبان هێرشەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان رابگرێت و دەست بە گفتوگۆی ئاشتیانە بکات لەگەڵ حکومەتی کابوولدا.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "تاڵیبان پابەندی ژمارەیەک لە ئەرکەکانی بووە. ئێمە چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکەین کە لەو کارە بەردەوامبن. ئەرکی ئێمە بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانمان بۆ سفر بەندە لەسەرئەوەی کە تاڵیبان تا چەند ئەو ئەرکانەی لە رێککەوتنەکەماندا بۆی دیاریکراون جێبەجێدەکات".

بە گوێرەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەو گفتوگۆیانەی کە دوای نزیکەی دوو دەیە لە شەڕ و کوشتار دێن، ئاسان نابن و رەنگە پێویست بکات چەندین جاری دیکەش حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان کۆببنەوە تا لە کۆتاییدا دەگەنە لێکتێگەیشتن.

هەرچی حکومەتی ئەفغانستانە، هیوا دەخوازێت ئەم گفتوگۆیانە ببنە هۆی کۆتاییهاتنی یەکجارەکی شەڕ و هێنانی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی وڵاتەکەی. ئەوان دەڵێن بە گەشبینیەوە بەشدار دەبن.

عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاشتەوایی نیشتمانیی ئەفغانستان دەڵێت "ئێمە بەو هیوایەوە دەچینە ئەوێ کە هەردوو لایەن بگەن بەو بڕوایەی کە هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە و پێویستە بەردەوامبین و بەرەوپێشەوە بچین و ئەم دەرفەتە بۆ بەرژەوندی خەڵکی ئەفغانستان بەکاربێنین".

ئەمریکا 13 هەزار سەربازی لە ئەفغانستان هەبوو، دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ تاڵیبان، بەشێکیانی کشاندەوە.
رۆژی پێنچشەممە، 10ی ئەیلوول، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بۆ چوار هەزار سەرباز کەمدەکاتەوە.
rudaw -
Top