ئەمریکا دوو هەزار و 200 سەربازی لە عێراق دەکشێنێتەوە
ژەنەڕاڵ فرانک مکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ژمارەی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق بۆ 3000 سەرباز کەم دەبنەوە، بەڵام مانەوەی ئەم سەربازانەش رێگە بە ئەمریکیییەکان دەدات بۆئەوەی لەسەر یارمەتیدان و پێدانی راوێژ بە هاوبەشە عێراقییەکانیان لە رووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش و دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش بەردەوامبن.
فەرماندەکەی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بڕیاریدا سەربازەکانی کەمبکاتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو متمانەیەی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراقی هەیە کە دەتوانن سەربەخۆیانە ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدەن.
سوپای ئەمریکا لە کۆتایی 2011 لە عێراق کشایەوە، بەڵام لە ساڵی 2014 و لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوان لە خاکی عێراق لە لایەن داعشەوە، جارێکی دیکە ئەمریکا گەڕایەوە.
سوپای ئەمریکا یارمەتییەکی گەورەی هێزی پێشمەرگه و هێزە عێراقییەکانی دا لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و تێکشکاندنی.
کۆتاییەکانی مانگی ئاب، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، لە دوو تاوەکو سێ مانگی داهاتوودا ئەمریکا ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق بۆ 3500 سەرباز کەمدەکاتەوە کە ئێستا ژمارەیان نزیکەی پێنج هەزار و 200 سەربازە.
بە کەمکردنەوەی ئەو ژمارەیە، ئەمریکا نزیکەی یەک لەسەر سێی سەربازەکانی لە عێراق کەمدەکاتەوە. ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە "جەنگە بێکۆتاکان".
بە گوتەی چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کە وۆڵ ستریت جێرناڵ ناوەکانیانی ئاشکرا نەکردبوو، ئەمریکا و عێراق لەکاتی سەردانی کازمی بۆ واشنتن ئەو بڕیارەیان داوە.
rudaw
