وزەی ئەمریکا: زریانی لۆرا زیانی زۆری لە دامەزراوە نەوتییەکان داوە
دان بروولێت، وەزیری وزەی ئەمریکا بە تەواوی باسی لەبڕی ئەو زیانانە نەکرد کە بە دامەزراوە نەوتی و پیشەسازی نەوت گەیشتووە، بەڵام رایگەیاند، سەردانی ناوچەکە دەکات.
یەکێک لەو یەدەگە ستراتیژییانەی نەوت کە زیانی پێگەیشتووە دەکەوێتە رۆژئاوای هەکبێری لە ویلایەتی لویزیانە کە زیاتر لە 195 ملیۆن بەرمیل نەوتی کۆگاکراوی لێیە.
لە 20ـی ئابەوە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بوو زریانی لۆرا بە خێرایی 100 میل لە کاژێرێکدا رووی لە کەناراوییەکانی مەکسیکۆ و لویزیانە لە ئەمریکا کردوو و بووەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی رۆژانە 1.56 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کەنداوی مەکسیکۆ کە ئەم بڕەش یەکسانە بە 84%ـی کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی سەر دەریای ناوچەکە.
زریانی لۆرا سەرەڕای ئەوەی بووەتەهۆی داخستنی دەمەزراوە نەوتییەکانی سەر دەریا، هاوکات 9 پاڵاوگەی بەرهەمە نەوتییەکانیشی داخست کە رۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو دەپاڵێون کە یەکسانە بە 15%ـی کۆی نەوتی پاڵێوراوی ئەمریکا.
باهۆزەکە هەر لە ساتی دەستپێکردنییەوە کاریگەری لەسەر نرخەکانی نەوت دانا و نرخی نەوتی بەرزکردەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 40 دۆلار و 36 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە، هاوکات بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساس بە 37 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
rudaw
