حکوومەتی ئوردن بڕیاری سەربازیی زۆرەملێ دەدات
حکوومەتی شانشینی ئوردن بڕیاری کارکردن بە سیستەمی سەربازیی زۆرەملێ، دەدات.
بڕیارەکەی حکوومەتی ئوردن هەموو ئەو گەنجانە دەگرێتەوە، کە تەمەنیان لەنێوان 25 - 29 ساڵی دایە و پێویستە بچنە ریزەکانی سوپای وڵاتەکەیان.
بەپێی بڕیارەکە، کوڕانی گەنج دەبێ بۆ ماوەی 12 مانگ لە سەربازگەکانی سوپا خزمەت بکەن و بۆ هەر مانگێکیش، 100 دیناری ئوردنی (زیاتر لە 140 دۆلار) مووچەیان پێدەدرێت.
ئەو گەنجانەی دەکرێنە سەرباز ماوەی سێ مانگ مەشقی سەربازییان پێدەکرێت و دواتریش بەپێی پسپۆڕیی خۆیان، دەخرێنە ناو بەشەکانی سوپا و پەرە بە پسپۆڕییەکەیان دەدرێت.
میدیاکانی ئوردن باس لەوە دەکەن، کە بڕیارەکە بە مەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی بێکاریی گەنجان، دراوە و تەنیا ئەو گەنجانە دەگرێتەوە، کە ناخوێنن، بێکارن، باری تەندروستییان جێگیرە، لە دەرەوەی وڵات نین، زگورتین (هاوسەرگرییان نەکردووە) و تاقانەی دایک و باوکیان نین.
لە قۆناغی یەکەمدا، سوپا بۆ ئەمساڵ (ساڵی 2020)، پێنج هەزار گەنج دەخاتە ریزەکانییەوە و لە لەدایکبووانی 1995 دەست پێدەکات و بڕیارە ساڵی داهاتووش 15 هەزار گەنج وەربگیرێن.
باسنیوز
