نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداری لەبارەی لەناوچونی مرۆڤایەتی دەدات
بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دۆسییەی پاراستنی ژینگە و بەرزبونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی پەراوێزخراوە
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەمیانەی وتارێکدا کە لە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس بڵاویکردوەتەوە، باسی لەوەکردوە، "بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دۆسییەی پاراستنی ژینگە و بەرزبونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی پەراوێزخراوە، هیچ نیگەرانییەک لەبارەی داهاتوی هەسارەکەمان نابینرێت".
دەبێت دەوڵەتانی جیهان سەرەنجەکانی خۆیان چڕبکەنەوە لەسەر چۆنێتی کەمکردنەوەی گازی ژەهراوی لە بەرگە هەوادا
ئاماژەی بەوەشکرد، لە رەوشی بڵاوبونەوەی کۆرۆنادا دەبێت دەوڵەتانی جیهان سەرەنجەکانی خۆیان چڕبکەنەوە لەسەر چۆنێتی کەمکردنەوەی گازی ژەهراوی لە بەرگە هەوادا و هانی هاوڵاتیان بدەن کەمتر سوتەمەنی بۆ هۆکاری گواستنەوە بەکاربهێنن، بەمەش دەتوانن زیاتر پارێزگاری لە تەندروستی هاوڵاتییەکانیان بکەن.
ئەو مەترسییەی کە لەسەر ژینگەی هەسارەکەمان هەیە، زیاتر لە مەترسی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا
گۆتێرێس باسی لەوەشکردوە، ئەو مەترسییەی کە لەسەر ژینگەی هەسارەکەمان هەیە، زیاتر لە مەترسی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، چونکە مانەوەی مرۆڤ پەیوەستە بە بونی ژینگەی گونجاو لەسەر ئەم هەسارەیە.
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەوەشی خستەڕو، پێویستە لەسەر زلهێزەکانی جیهان هاوکاری لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن بۆ بوژانەوەی کەرتی ئابوری و بەرەنگاربونەوەی پەتای کۆڤید-19 و پاراستنی ژینگە لەیەککاتدا، بەپێچەوانەشەوە مرۆڤایەتی بەرەو "لەناوچون" دەچێت.
لەپاش تەواوبونی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەندێک لە وڵاتانی جیهان بە نمونە بریتانیا داوایان لە هاوڵاتیان کرد کەمتر ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ هاتوچۆ بەکاربهێنن، لە جێگەی ئەوە بە پیادە یان پاسکیل هاتوچۆ بکەن، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو گازە ژەهراویانەی هەوا کە دەبنە هۆی بەرزبزنەوەی پلەی گەرمی وڵات.
خەندان-
