تورکیا: نابێت دژایەتیی ئاڵای کوردستان بکرێت
دانانی ئاڵای کوردستان لەمیانی پێشوازیکردن لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تورکیا، جارێکی دیکە مشتومڕی دروستکرد. بەتایبەتی پارتە نەتەوەپەرستەکانی تورکیا رەخنەی تووندیان لە حکومەتی ئەنقەرە گرت، بگرە بەشێک لە بەرپرسانی ئەو پارتانە سووکایەتیشیان بە ئاڵای کوردستان کرد.
بەرامبەر ئەو سووکایەتییە پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گوتی؛ "ئاڵای هەرێمی کوردستان فەرمییە و ناچارین رێزی لێبگرین". سەزگین تانریکوڵو هەروەها گوتی "هەرێمی کوردستان دانپێدانراوە و خاوەن ئاڵا و پەرلەمانی خۆیەتی". بانگەوازیشی لە حکومەتی تورکیا کرد بەرامبەر هێرشی سەر ئاڵای کوردستان هەڵوێستی هەبێت.
سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە دەڵێت: "ئەو هەرێمە لە دەستووری عێراقدا دانی پێدانراوە و ئاڵایەکی هەیە کە ئاڵای کوردستانە. سەرۆکی هەرێمی ئۆتۆنۆمی نێچیرڤان بارزانی، لەسەر بانگهێشتنامەیەک هاتە تورکیا. لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە دیداری سازکرد. لەو زنجیرە کۆبوونەوانەدا لەسەر مێزەکەیان و لە کۆشکی کۆماریدا ئاڵای کوردستان لەگەڵ ئاڵای عێراق دانرابوون. بەڵام سیاسەتڤانە بەناوبانگەکان بەو ئاڵایەیان گوت؛ پەڕۆ! لێرەدا شتێک هەیە، چۆن ئاڵای ئێمە شەرەفمانە و بەهای هاوبەشمانە. هەروەها چۆن هێرشکردنە سەر ئاڵای کۆمارەکەمان قبووڵ ناکەین و دژایەتی دەکەین. بە هەمانشێوە ناچارین رێز لە ئاڵای هاووڵاتیانی دیکە و هەرێم و دەوڵەتانی دیکە بگرین".
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا دژایەتیکردنی ئاڵای کوردستانی بە "نادروست" ناوبرد و جەختیکردەوە کە ئەگەر ئاڵای هەرێمی کوردستان وەکو ئاڵای پەکەکە ببینن، تووشی هەڵەیەکی گەورە دەبن.
چاوشئۆغڵو دەڵێت: "ئێستا دەبینین لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا، رەخنەمان ئاراستە دەکرێت و دەگوترێت؛ بۆ دیدارتان لەگەڵی سازداوە؟ دەڵێن بۆچی ئاڵای حکومەتی هەرێم لەسەر مێزەکە دانراوە، دەشڵێن ئەوە ئاڵای پەکەکەیە، ئەم رەخنانە راست نین. ئەگەر ئێمە برا کوردەکانمان وەکو پەکەکە ببینین، دەکەوینە هەڵەوە و دوژمنایەتیی کورد دروستدەبێت. ئێمە دژی دوژمنایەتیکردنی کوردین... بە درێژایی مێژوو هەر کاتێک برا کوردەکانمان لە باکووری عێراق تووشی سەختی بووبنەوە پێشوازیمان لێکردوون. هەروەک لە رابردوو لەکاتی هێرشەکانی سەددام میوانداریی پێشمەرگەمان کرد".
بابەتی ئاڵای کوردستان پارتەکانی تورکیای بەشێوازێکی دیکە بەسەر دوو بەرەدا دابەشکرد. ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە هاوپەیمانی جمهوور پێکدەهێنن، لە بابەتی ئاڵای کوردستاندا ئاراستەیان دژە. هەروەها جەهەپە و ئیی پارتی کە لە هاوپەیمانی میللەتدان، ئەوانیش بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون. ئاکپارتی و جەهەپە پشتیوانی لە ئاڵای کوردستان دەکەن، هەرچیی مەهەپە و ئیی پارتین دژایەتیی ئاڵای کوردستان دەکەن.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەڕێی بەرپرسان و پەرلەمانتارانییەوە ناڕەزایی بەرامبەر سووکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە جیاوازەکان نیشاندا.
رۆژی هەینی 4ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرەی کرد. بۆ نانی بەیانی لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و ئاڵای کوردستان و عێراق و تورکیا هاوشانی یەکدی لەسەر مێزی نانخواردن دانران. دواتریش رەجەب تەییب ئەردۆغانی بینی. دیداری ئەمجارەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان نۆیەم دیدار بوو لە ساڵی 2013ەوە، هەروەها سێیەم دیدار بوو دوای گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، کە ئەیلوولی 2017 بەڕێوەچوو.
rudaw
