حکومەتی سوودان: خەرتووم و چەند شارێکی دیکە خەریکە ژێرئاو دەکەون

حکومەتی سوودان: خەرتووم و چەند شارێکی دیکە خەریکە ژێرئاو دەکەون
لافاوەکەی سوودان بووە هۆی گیانلەدەستدانی 99 کەس، حکومەتی سوودانیش ماوەی سێ مانگی وەک باری لەناکاو لە تەواوی وڵات راگەیاند.

وەزارەتی ناوخۆی سوودان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە سوودان ئێستا زۆنێکی کارەساتی سرووشتییە، چونکە خەرتووم و چەند شارێکی دیکەی سوودان بەهۆی زریان و لافاوەوە خەریکە ژێرئاو دەکەون.

لافاو و زریانەکانی سوودان لە کۆتایی مانگی تەممووزەوە بەهۆی وەزری بارانبارینەوە بەردەوامە. بارانبارینی زۆر و بەرزبوونەوەی ئاستی رووباری نیلی شین، بۆ 17 مەتر، وایکرد بەشێکی شاری خەرتوومی پایتەختی سوودان و شاری ئۆمدوورمان و چەند ناوچەیەکیش لە هەرێمی دارفۆر زیانی گەورەیان بەربکەوێت.

ئەو دیمەنانەی کە لە خەرتووم گیراون نیشانی دەدەن بەشێکی خەرتووم، خەریکە بە تەواوی دەبێت بەژێر ئاوەوە.

هەروەها ناوچەکانی باکووری دارفۆریش لەو شوێنانەن کە زیانی گەورەیان پێگەیشتووە و لە ناوچە بیابانییەکانیش بە هەمانشێوەی لافاو خەریکە دیمەنە سرووشتییەکانی تێکدەدات، هەروەها هەرەمە لمییەکانی ناوچەی میرۆیی لەبەردەم مەترسیدان.

لافاو لە سوودان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 99 کەس و برینداربوونی 46 کەس. جگە لەوەش نزیکەی 100 هەزار باڵەخانە و خانوو خاپوور بوون. نزیکەی 380 هەزار کەسیش لە ناوچە جیاوازەکانی سوودان ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.

لافاو هێشتا مەترسییە و بارانبارین لە زۆر شوێنی سوودان بەردەوامە و پێشبینییەکانی کەشوهەواش دەڵێت بارانبارین تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.


rudaw
Top