بارسێلۆنا ترسی لێنیشتووە

بارسێلۆنا ترسی لێنیشتووە
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، باس لەوەدەکەن کە بەرپرسانی یانەی کەتەلۆنی ترسی ئەوەیان لێنیشتووە ئانسۆ فاتیی ئەستێرەی لاویان لەدەستبدەن.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، کارگێڕی بارسا دەیەوێت بە زووترین کات گرێبەستی فاتی نوێبکاتەوە، بۆ ئەوەی نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بەرزبکاتەوە، نەوەک یانەیەک فاتی رازی بکات و بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدات.

بارسا داوای لە فاتی کردووە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، کە بەهای مەرجی هەڵوەشاندنەوەی 170 ملیۆن یۆرۆیە و بارسا دەیەوێت مەرجی هەڵوەشاندنەوەکەی بکاتە 400 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام فاتی پێیباشە پەلە نەکات، بۆ ئەوەی بزانێت پڕۆژەی داهاتووی بارسا تا چەند بەدڵیەتی.
وەک ئەو سەرچاوانە ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەو هەڵوێستەی فاتی بەرپرسانی بارسای زۆر نیگەران کردووە و لەوە دەترسێن یانەکانی دیکە هەوڵ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ فاتی بدەن، بەتایبەتیش کە بەمدواییە فاتی ئاستێکی بەرز لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا پێشکەش دەکات.

فاتی لە تەمەنی 17 ساڵ و 311 رۆژدا گۆڵی لە هەڵبژاردەی ئۆکراینا کرد، لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپادا و بووە بچووکترین یاریزان لە مێژووی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا گۆڵ تۆماربکات.

ئەوەی زیاتریش بارسای نیگەران کردووە ئەوەیە کە فاتی بەڕێوەبەری کارەکانی گۆڕیوە و کردووەتە خۆرخێ میندێز، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین و بەئەزموونترین بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانان.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن، بارسا نایەوێت لە هیچ بارودۆخێکدا فاتی لەدەستبدات، کە بەرپرسانی یانەکە پێیانوایە ئەو ئەستێرەی دواڕۆژی یانەکەیانە، بەڵکو پێیانوایە میراتگری لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینییە.





rudaw
Top