لە دۆسیەی کوژرانی جەمال خاشقچیدا سزای زیندانی بەسەر 8 کەسدا سەپێنرا

لە دۆسیەی کوژرانی جەمال خاشقچیدا سزای زیندانی بەسەر 8 کەسدا سەپێنرا
دادگای سعوودیە لە دۆسیەی کوژرانی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچیدا بڕیاری دا و سزای زیندانیی بۆ ماوەی 20 ساڵ بەسەر 5 تۆمەتبار و 7-10 ساڵ بەسەر 3 تۆمەتباری دیکەدا سەپاند.

لە کەیسەکەدا 8 کەس دادگاییکران. جگە لەو 5 کەسەی سزای 20 ساڵیان بەسەردا سەپێنرا، 3 کەسی دیکەش سزای زیندانیی 7-10 ساڵیان بەسەردا سەپێنرا.

جەمال خاشقچی کە گۆشەنووسی واشنتۆن پۆست بوو و رەخنەی لە حکومەتی سعوودیە دەگرت، رۆژی 2ـی تشرینی یه‌كه‌می 2018 سەردانی‌ كونسوڵخانه‌ی سعودییه‌ی له‌ ئیسته‌نبووڵ کرد و لەو کاتەوە بێسەروشوێنە.

بە گوتەی ژنە تورکێک بە ناوی خەدیجە، خاشقچی بە مەبەستی راییکردنی چەند مامەڵەیەکی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەودا چووەتە کۆنسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستەنبووڵ.

دوای دیارنەمانی خاشقچی بەرپرسانی تورکیا گوشاری زۆریان لەسەر سعوودیە دروستکرد و بەرپرسانی ئەو وڵاتەیان بە کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە تۆمەتبار کرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد کە تۆمارێکی دەنگیی کاتی ئەشکەنجەدانی ئەو رۆژنامەنووسەیان دەستکەوتووە، بەڵام ئەو تۆمارە دەنگییە بڵاونەکرایەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەتاوەکو ئێستاش تەرمی جەمال خاشقچی نەدۆزراوەتەوە و نازانرێت لە کوێیە. لە هەمان ئەو رۆژەدا ژمارەیەک دیپلۆماتکاری سعوودی سەردانی ئیستەنبووڵیان کرد و ماوەیەک لە کۆنسوڵخانە و بینای پێشوازیی سەر بە کۆنسوڵ مانەوە، دواتر رۆیشتن.

ئەوە یەکێک بوو لەو خاڵانەی کە گومانەکانی تورکیای لەسەر حکومەتی ریاز زیاتر کردبوو، بەڵام سەرەڕای گەڕان و پشکنینی تیمە ئەمنییەکانی تورکیا، هیچ بەڵگەیەکی بیانووبڕ نەدۆزرایەوە.




rudaw
Top