روسیا فشار دەکاتە سەر ئەڵمانیا بۆ ئەوەی وردەکاری دۆخی تەندروستی ناڤالنی بخاتەڕو
کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرملین) رایگەیاند، مۆسکۆ دەیەوێت گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ بەرلین ئەنجامبدات، لەبارەی دۆسییەی نەخۆشکەوتنی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی روسیا، کە ئێستا لەلایەن پزیشکانی ئەڵمانیاوە چارەسەری بۆ دەکرێت.
داوا لە ئەڵمانیا دەکەن کە جۆری ئەو ماددەیە دیاریبکات کە بوەتە هۆی نەخۆشکەوتنی ئەلێکسی ناڤالنی
دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرملین) لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داوا لە ئەڵمانیا دەکەن کە جۆری ئەو ماددەیە دیاریبکات کە بوەتە هۆی نەخۆشکەوتنی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی روسیا لە سیبیریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، پزیشکانی روسیا دەڵێن هیچ جۆرە ژەهرێک نەبوەتە هۆی نەخۆشکەوتنی ناڤالنی، بەڵام وتەی پزیشکانی ئەڵمانیا بەپێچەوانەوەیە، بۆیە داوا لە ئەڵمانیا دەکەن بەشێوەیەکی "شەفافانەتر" لەگەڵ ئەو دۆسییەدا مامەڵە بکەن، گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن.
ئەگەر پشتڕاستکرایەوە کە بەهۆی ماددەیەکی بایەلۆژی ژەهراوییەوە ناڤالینی نەخۆشکەوتوە، بەدڵنیاییەوە ئەو کارە بێ سزا نابێت
پیسکۆڤ باسی لەوەشکرد، تا ئێستا لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە لەلایەن پسپۆرانی روسیاوە بەردەوامە، ئەگەر پشتڕاستکرایەوە کە بەهۆی ماددەیەکی بایەلۆژی ژەهراوییەوە ناڤالینی نەخۆشکەوتوە، بەدڵنیاییەوە ئەو کارە بێ سزا نابێت، بەڵام پێش هەمو شتێک دەبێت پشت بە راستییەکان ببەسترێت.
یەکی ئەم مانگە، حکومەتی ئەڵمانیا ئەنجامی پشکنینەکانی خوێنی وەرگیراوی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیای بڵاوکردەوەو رایگەیاند، پشکنینەکان دەریدەخەن کە ناوبراو بەپێکهاتەیەکی کیمیایی لەگروپی (Novichok) ژەهرخوارد کراوە.
لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی روسیا بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی بەدوری نابینێت تۆمەتبارکردنی مۆسکۆ بە ژەهراویکردنی ناڤالنی لەلایەن ئەڵمانیاوە، رێکارێکی پلان بۆ دراڕێژراوی پشوەخت بێت لە دژی وڵاتەکەی.
خەندان-
