هەڕەشەی کوشتن لە رۆژنامەنووس و کارمەندانی کەناڵێکی عێراقی دەکرێت

هەڕەشەی کوشتن لە رۆژنامەنووس و کارمەندانی کەناڵێکی عێراقی دەکرێت


دوای سووتاندنی کەناڵەکەیان، هەڕەشەی کوشتن لە کارمەند و رۆژنامەنووسانی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی عێراقی دەکرێت.

شەوی دووشەممە 31-8-2020، ژمارەیەک کەسی توندڕەو کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (دیجلە)یان لە ناوچەی جادرییەی بەغدا سووتاند.

ژمارەیەک رۆژنامەنووسی کەناڵەکە لە بەیاننامەیەکدا، رایانگەیاندووە، ئەوان رۆژنامەنووس و پەیامنێری کەناڵی دیجلە بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە پەخشکردنی گۆرانی لە شەوی عاشورا نییە.

ئەو رۆژنامەنووسانە ئامژە بەوە دەکەن، کە بە پەیڕەوانی رێبازی بکوژانی ئیمام حوسێن (ئیمامی سێیەمی شیعەکانی عێراق) و بەکرێگیراوی ئیسرائیل تۆمەتبار کراون، بۆیە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، دەستیان لەکارکردن لەو کەناڵە کێشاوەتەوە.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئاژاوەگێڕەکان پێیانوایە دەست لەکارکێشانەوەی ئەو رۆژنامەنووسانە درۆیە و داوای دەرکردن لە شارەکان و کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسانەی کەناڵی دیجلە دەکەن.

رۆژنامەنووسەکانی کەناڵی دیجلە باس لەوەش دەکەن، کە پەنایان بۆ سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بردووە، بەڵام هیچ لایەنێک خۆی لە کێشەکەیان بە خاوەن ناکات و ئەوانیش بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە.

پێشتر جەمال کەربولی، سەرۆکی پارتی حەلی عێراقی و خاوەنی کەناڵەکە، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندبوو، هێزە ئەمنییەکان بە سەیرکردنی سووتانی کەناڵەکە دڵخۆش بوون و رێگایان بە پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە نەدەدا ئاگرەکە بکوژێننەوە و گوتویەتی، ”لە عێراق، دەوڵەت نییە“.

جەمال کەربولی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە توندڕەوەکان 24 کاتژمێر بەر لە سووتاندنی کەناڵی دیجلە، رایانگەیاندبوو، کەناڵەکە دەسووتێنن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هیچ رێوشوێێکیان بۆ پاراستنی کەناڵەکە نەگرتە بەر و بگرە هاوکاریی ئاژاوەگێڕەکانیان کرد.

هەر لە رۆژی دووشەممەدا، دادگای رەسافە لە بەغدا، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بەرنامەیەکی گۆرانی و هەڵپەڕکێ لە شەوی عاشورا لە کەناڵی دیجلە، دەستگیرکردنی بۆ جەمال کەربولی دەرکرد.

کەناڵی دیجلەیە بە سووکایەتیکردن بە هەستی شیعەکان، کە لە یادی عاشورادا گۆرانی پەخش کردووە، تۆمەتبار دەکرێت.

عاشورا (10ـی مانگی موحەرەمی ساڵی کۆچی)، لە لایە شیعەکان رۆژی ماتەمە، بەهۆی ئەوەی ئیمام حوسێن، ئیمامی سێیمی شیعەکان لەو رۆژەدا گیانی لەدەست داوە.





باسنيوز
Top