ناتۆ: چەند پرسیارێکی هەستیار هەن کە دەبێت رووسیا وەڵامیان بداتەوە
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ سەرکۆنەی "هەوڵی قێزەونی کوشتنی" ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا دەکات و دەڵێت، چەند پرسیارێکی هەستیار هەن کە دەبێت رووسیا وڵامیان بداتەوە.
ئەو هەڵوێستەی ستۆڵتنبێرگ دوای ئەوە هات کە ئەڵمانیا هاوپەیمانێتیی ناتۆی لە ئەنجامی پشکنینەکانی ناڤالنیی ئاگادارکردەوە کە گوایە دەریدەخەن ناڤالنی بەو ژەهرە کراوەتە ئامانج کە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا دروستکراوە.
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانێتیی ناتۆ دەڵێت، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی "بێڕێزییەکی تەواوە لە بەرامبەر ژیانی مرۆڤ" و داوای لە رووسیا کرد کە هاوکاریی رێکخراوی چەکە کیمیاییە قەدەخەکراوەکان بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە.
پێشتر گوتەبێژی ڤیلادمیر پووتین هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ئاماژە بە تێوەگلانی کرملین دەکەن لە ژەهرخواردکردنی ئەلێکسی ناڤالنیی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە. هەروەها ئەڵمانیاشی تۆمەتبارکرد بەوەی کە هیچ بەڵگەیەکی لە بارەی رەوشی ناڤالنییەوە بە مۆسکۆ نەداوە.
ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستیکاری گەندەڵی لە رووسیا لە کاتی گەشتکردنی بۆ مۆسکۆ لە 20ـی ئاب لەنێو فڕۆکەدا نەخۆشکەوت و دواتر گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری ئۆمسکی هەرێمی سیبیریای رووسیا. پاشان گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی بەرلین بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست وەربگرێت و لەو کاتەشەوە لە لایەن پزیشکەکانەوە بەنجی گشتیی بۆ دانراوە.
rudaw
