یەکێتیی ئەوروپا: رێکارە جیاجیاکانمان بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا سەری لە زۆر کەس شێواندووە

یەکێتیی ئەوروپا: رێکارە جیاجیاکانمان بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا سەری لە زۆر کەس شێواندووە
کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە رێگەی پەسەندکردنی پێشنیازێکەوە هەوڵدەدات دڵنیا ببێتەوە لەوەی کە ئەو رێکارانەی هەر وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتییەکە بۆ گەشتیاری دەگرێتەبەر، بە روونی و بەهاوئاهەنگیی هەموو لایەنەکانی یەکێتییەکە جێبەجێ دەکرێن و سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، رێکارە جیاجیاکانمان بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا سەری لە زۆر کەس شێواندووە.

ئۆرسولا ڤۆندەر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دان بەوەدا دەنێت کە ئەو رێکارە جیاوازانەی هەر وڵاتێک بۆ کەرەنتینکردنی گەشتیاران گرتوونیەتە بەر، سەریان لە زۆر کەس شێواندووە. بۆیە لەبارەی گرتنەبەری ئەو رێکارانەوە دەڵێت، "ئێمە پێویستمان بە بەرچاوڕوونی و سادەییە".

هاوکات ڤۆندەر لاین پێشنیازی کرد کە بۆ جموجووڵی گەشتیاران بەنێو سنوورەکانیاندا رێکاری هاوبەش لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا هەبێت.

کۆمسیۆنی ئەوروپا داوا لەو وڵاتانە دەکات زیاتر پێکەوە کاربکەن لە کاتی بڕیاردان لەسەر جێبەجێکردنی رێکاری نوێ بۆ گەشتیاران.

هەروەها داوایان لێدەکات لیستێک دروست بکەن کە لە رێگەی رەنگەوە ئاستی مەترسیی کۆرۆنا لە وڵاتەکانیاندا دیاری بکەن، چوارچێوەیەکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ ئەو رێکارانەی لە شوێنە مەترسیدارە ئاست بەرزەکان دەگیرێنە بەر و لەبارەی هەر رێکارێکی نوێوە کە دەگیرێتە بەر زانیاریی روون و خێرا بە رای گشتی بدەن.

ئۆرسولا ڤۆندەر لاین پێیوایە کە نابێت رێگە لە هیچ هاووڵاتییەکی ئەوروپی بگیرێت گەشت بۆ هەر وڵاتێکی یەکێتیی ئەوروپا بکات و داوای لەو وڵاتانە کرد کە هەرکاتێک پێویست بوو، پشکنین و کەرەنتینکردن بۆ وەستاندنی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەکاربهێنن.

هاوکات پێشنیازە پەسەندکراوەکە پێویستی بەوەیە کە لە لایەن ئەنجوومەنی ئەوروپاشەوە رەزامەندیی لەسەر بدرێت تاوەکو بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.



rudaw
Top