ئەمنستی: بەندکراوان لە ئێران رووبەڕووی تووندوتیژیی سێکسی و لێدانی کارەبا بوونەتەوە

ئەمنستی: بەندکراوان لە ئێران رووبەڕووی تووندوتیژیی سێکسی و لێدانی کارەبا بوونەتەوە

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International)، لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرایکرد، گیراوەکانی ئێران بەهۆی خۆپێشاندانەکانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، رووبەڕووی چەندین جۆری جیاوازی ئازار و ئەشکەنجە کراونەتەوە، لە نێویاندا، جەڵدکردن، سووکایەتی سێکسی، لێدانی کارەبا، دۆخی سەخت، لە سێدارەدانی وەهمی، تۆقاندن بە ژێرئاوکردن، تووندوتیژی سێکسی, ناچارکردن بە خواردنی مادەی کیمیاوی و بێبەشکردن لە چاودێری پزیشکی.

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، لە راپۆرتەکەیدا دەڵێ: "پۆلیس و هەواڵگریی و هێزە ئاسایشییەکانی ئێران و بەرپرسانی زیندانەکانی ئەو وڵاتە، بەتێوەگلان لەگەڵ دادوەران و داواکارانی گشتی، زنجیرەیەک پێشێلکاریی قێزەونیان بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ ئەنجامداوە".

رێکخراوەکە ئاماژەی بە چەند تاوانێک دەرهەق بە بەندکراوان داوە لەوانە: "دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ، بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجەدان و چەندین شێوازی دیکەی مامەڵەی خراپ، لەدژی ئەوانەی لەسەر خۆپێشاندانە فراوانەکانی وڵاتەکە لە تشرینی دووەمی 2019دا دەستگیرکراون".

چیرۆکەکانی ناو زیندان

راپۆرتی رێکخراوەکە، کە رۆژی چوارشەممە 2-9-2020 بەناوی "تێکشکاندنی مرۆڤایەتی: گرتنی بەرفراوان و رووداوەکانی بێسەروشوێن بوون و ئەشکەنجەدان لە خۆپێشاندانەکانی تشرینی دووەمی 2019 لە ئێران" بڵاوکراوەتەوە. چیرۆکی دەیان گیراو، رێبوار و کەسانی دیکە دەگێڕێتەوە، کە تووندوتیژانە دەستبەسەر کراون و رووبەڕووی بێسەروشوێنکردن بوونەتەوە، یان لە جیهان دابڕێنراون و بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو لە ماوەی لێپرسینەوەدا، لە پەیوەندیکردن بە پارێزەرەکانیانەوە بێبەشکراون. هەروەها بەبەردەوامی ئەشکەنجەدراون لەپێناو وەرگرتنی 'دانپێداناندا'.

رێکخراوەکە ژمارەی گیراوەکانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، لە چەند رۆژی کەمی دوای سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان بە 7 هەزار پیاو، ژن و منداڵ داناوە.

وەک رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەکەیدا دەڵێ "لە نێو قوربانییەکاندا منداڵان هەن، هەندێکیان تەمەنیان لە 10 ساڵ زیاتر نییە، هەروەها خۆپێشاندەری بریندار، ئەو رێبوارانەی لە ناو نەخۆشخانەکاندا گیراون، لە کاتێکدا دەیانویست چارەسەری ئەو برینانە بکەن، کە لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی وڵاتەوە، تووشیان بووە. ئەمە جیا لە بەرگریکارانی مافەکان، لە نێویاندا چالاکڤانانی بواری مافی کەمینەکان، رۆژنامەڤانەکان و ئەو کەسانەی ئامادەی رێوڕەسمی رێزلێنان لە کوژراوانی خۆپێشاندانەکان بوون".

راپۆرتەکەی ئەمنستیی ئینتەرناشناڵ، رەخنەی لە دامەزراوە دادوەرییەکانی ئێران گرتووە و دەڵێ: "سەدان گیراو لەو کاتەوە بە سزای جیاوازی بەندکردن و جەڵد لێدان سزادراون، هەروەها هەندێک کەس بە لەسێدارە لە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانەی پشتی دەرگا داخراوەکان، لەلایەن دادوەرە لایەنگرەکانەوە، سزا دراون. لە کاتێکدا زۆرینەی دادگاییەکان ماوەی کاژێرێک زیاتری نەخایاندووە و بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراوانە پشتی بە دانپێدانانە وەرگیراوەکان لە ژێر ئەشکەنجەدا بەستووە".

ڤیدیۆکان بەئاشکرا تاوانەکان ئاشکرا دەکەن

"لە دوای خۆپێشاندانە فراوانەکانەوە، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەوە کە تێێدا دەردەکەوێت ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، بەئەنقەست خۆپێشاندەران دەکوژن و بریندار دەکەن، ئەو کارە تەنانەت کەسانی تێوەنەگلاویش لە خۆپێشاندانەکان دەگرێتەوە". ئەمە دەقی قسەی دیانا ئەلتەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیایە لە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی.
ئەلتەحاوی دەڵێت "ئەوە جیهانی دووچاری شۆک کرد. ئەوەشی هیچ گومان هەڵناگرێت ئەوەیە، کە چەندین شێوازی جیاوازی هەڵسوکەوتی وەحشییانە لە بەرامبەر دەستگیرکراوەکان و ماڵباتەکانیان، لەسەر دەستی بەرپرسە ئێرانییەکان، دوور لە چاوی خەڵک، کراوە".

دیانا زیاتر دەڵێت: "لەبری لێکۆڵینەوە لە سکاڵای گیراوەکان، کە پەیوەندییان بە بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجە و جۆرەکانی دیکەی مامەڵەی خراپ و تاوانەکانی دژی گیراوەکان هەیە، داواکارانی گشتی ئێران، بەشداربوون لە هەڵمەتی سەرکوتکردن لە رێگەی بەخشینەوەی تۆمەتی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی، بەسەر سەدان کەسدا، تەنیا لەبەرئەوەی پەیڕەویان لە مافەکانی ئازادیی رادەربڕین کردووە و کۆمەڵەی جیاوازیان دروستکردووە، یان پەیوەندییان پێوە کردووە، یاخود کۆبوونەوەی ئاشتییانەیان ئەنجامداوە. لە کاتێکدا دادوەرەکان بڕیاری سزادانیان بە پشتبەستن بە دانپێدانان لە سایەی ئەشکەنجەدا بەستووە".

بەرپرسەکە روونیدەکاتەوە: "ئەو زنجیرە تاوان و پێشێلکارییە لە سایەی دڵنیابوون لەوەی (ئەنجامدەرانی) لە سزا رزگاریان دەبێت، هاوکات بووە لەگەڵ شەپۆلێکی "دانپێدانان"ی بەزۆر، کە تەلەڤزیۆنەکان لەپێناو پڕوپاگەندە بۆ دەوڵەت بڵاویانکردووەتەوە، هەروەها لێدوانی قێزەونی گەورە بەرپرسەکان، کە بەشانوباڵی دەزگاکانی هەواڵگری و هێزەکانی ئاسایشدا هەڵدەدەن و بەپاڵەوان پێشانیاندەدەن، بەهۆی بەشداریکردنیان لە پرۆسەکانی سەرکوتکردنی وەحشییانەدا".

ماوەی سزای جیاواز

رێکخراوەکە ناو و وردەکاریی زیاتر لە 500 خۆپێشاندەر و رۆژنامەڤان و چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤی تۆمارکردووە. ئەوان ماوەی سزادانیان بەندکردن بووە لە نێوان مانگێک تا 10 ساڵدا، بەهۆی تاوانێکەوە کە بەپێی رێکخراوەکە "بۆیان هەڵبەستراوە" یان "تۆمەتی ناڕاست"یان دراوەتە پاڵ، لە شێوەی "گردبوونەوە و بەشداریکردن لەپێناو ئەنجامدانی تاوان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی"، و "پڕوپاگەندە کردن دژی رژێم"، و "تێکدانی ئاسایشی گشتی"، و "سووکایەتیکردن بە رێبەری باڵا".

لە نێو گیراوەکاندا، سزای لەسێدارەدان بۆ هەریەکە لە ئەمیر حەسەن مورادی، محەممەد رەجابی و سەعید تەمجیدی بڕدرایەوە، دوای تۆمەتبارکردنیان بە "دژایەتیکردنی خودا" لە رێگەی کاری تێکدەرانە. کەسانی دیکەش هەن هاوشێوەی حوسێن رەیحانی کە پێشبینیدەکرێت سزاکەی سەری، سەربکێشێت بۆ لەسێدارەدان.

رێکخراوە لە راپۆرتەکەدا دەڵێ کە "زانیومانە زیاتر لە دە کەس، بە جەڵدکردن تۆمەتبارکراون، لە نێویاندا دوو کەس، سزاکانیان بەسەردا جێبەجێکراوە". لە کاتێکدا ژمارەی گیراوەکان بەبڕوای رێکخراوەکە لەوە زیاترە کە باسدەکرێت.

ئەمنستی هانی دامەزراوە نێودەوڵەتییە جیاوازەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی داوە، بەرپرسانی ئێران لەسەر ئەو تاوانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و سەرجەم گیراوەکان، بەبێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێن و سزای سەر سزادراوەکان هەڵبوەشێنرێتەوە.

جۆرە جیاوازەکانی ئەشکەنجەدان

توێژنەوەی رێکخراوەکە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ئەشکەنجەدان بەفراوانی بەکارهێنراوە لە لێپێچینەوەکاندا. دەزگاکانی هەواڵگری، هێزە ئاسایشییەکان، بەرپرسانی بەندیخانەکان، ئەشکەنجەی پیاوان، ژنان و منداڵانیان داوە، چ ئەوکاتەی کە دەستگیرکراون یان دواتر کە خراونەتە بەندیخانەوە.

راپۆرتەکە جارێکی دیکە رەخنەی لە بەرپرسانی دادوەریی ئێران گرتووە و دەڵێ "دادوەران و دەسەڵاتی یاسادانان کەمتەرخەمییان نواندووە لە دەستەبەرکردنی دۆخی مرۆییانە بۆ گیراوەکان. لە کاتێکدا ئەشکەنجەدان بەکارهێنراوە بۆ تۆقاندن و سووکایەتیکردن بە گیراوەکان. ئەمەش بۆ ناچارکردن نەک تەنیا بە 'داننان' بەبەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان، بەڵکو بەبوونی پەیوەندی بە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بەرگریکەرانی مافی مرۆڤ و میدیاکانی دەرەوەی ئێران و دەوڵەتانی بێگانەش.

جۆرەکانی ئەشکەنجەدانەکان، وەک "لێبوردنی نێودەوڵەتی" دەڵێت، بەجۆرێک بووە "زۆرینەی کات گیراوەکان کیسە کراوەتە سەریان، یان چاویان بەستراوەتەوە، بە بۆکس و شەق لێیاندراوە، جەڵدکراون و بەتێڵا یان بۆری پلاستیکی ئازاردراون، چەقۆ و کێبڵی کارەباییان بەرامبەر بەکارهێنراوە. هەڵواسراون یان بۆ ماوەی زۆر لەسەر یەک جۆر راوەستان راگیراون. بێبەشکراون لە خواردن و ئاوی پێویست و گونجاو بۆ خواردنەوە. هەندێکیان بۆ ماوەی درێژ لە ژووری تاکەکەسیدا بەندکراون، ماوەکان بۆ چەندین هەفتە و مانگ درێژبوونەتەوە، جیا لەوەش لە خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەشکراون".

شێوازە بەدۆکۆمێنتکراوەکانی دیکەی ئەشکەنجەدان بریتیبوون لە "رووتکردنەوە و پێداکردنی ئاوی سارد، یان خستنە بەر پلەی گەرمای زۆر بەرز و تیشکی بەهێز و دەنگی بێزارکەر، یاخود دەرهێنانی نینۆکی دەستوقاچ، یاخود پێداکردنی تۆزی بیبەری تیژ، یان ناچارکردن بە خواردنەوەی مادەی کیمیاوی و بەکارهێنانی لەکارەبادان و خستنە دۆخی نقومبوون و لەسێدارەدانی وەهمی".

ئەمنستی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە سەرەکییەکانەوە دەستیکەوتووە، دووپاتیدەکەنەوە، "لێکۆڵەرەکان و بەرپرسانی بەندیخانەکان، تووندوتیژیی سێکسییان بەرامبەر گیراوە نێرەکان بەکارهێناوە، لە نێویدا ناچارکردن بە رووتبوونەوە، بەکارهێنانی دەستەواژەی سێکسی نەشیاو، پێداکردنی تۆزی بیبەری تیژ بەناوچە هەستیارەکانی کۆئەندامی زاوزێ و لێدانی کارەبا لە گونەکان".

گیراوێکی خەڵکی شاری خوراسان رەزەوی لە رۆژهەڵاتی ئێران، بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە کە رووبەڕووی سزای هەستکردن بە نوقمبوون بووەتەوە، قسەی بۆ رێکخراوەکە کردووە و دەڵێ "لێکۆڵەرەکان پەنایان دەبردە بەر تەڕکردنی پارچەیەک پەڕۆ کە دەیانخستە سەر دەموچاوم، دواتر بەهێواشی ئاویان دەکرد بەسەر پەڕۆکەدا.. هەستم دەکرد دەخنکێم.. رادەوەستان.. تا هەستم بە ئاساییبوونەوە دەکرد، دواتر دەستیان دەکردەوە بەهەمان ئەشکەنجە، دەیاندامە بەر بۆکس و شەق، جەڵدیان دەکردم".

پیاوێک کە کارەبای لێدراوە ئاشکرایکردووە "خراپترین ئەشکەنجە، لێدانی کارەبا بوو، هەموو جەستەمیان بە ملیۆنان دەرزی دەئاژنی، ئەگەر وەڵامی پرسیارەکانیانم نەدایەتەوە، ڤۆڵتی کارەباکەیان زیاد دەکرد و بەوەش کارەبای بەهێزتریان لێدەدام. من بەتوندی دەلەرزیم، هەستمدەکرد هەموو جەستەم دەسووتێت.. ئەشکەنجەکان ئاسەواری درێژخایەنیان لەسەر جەستەم و دەروونم دروستکردووە، تائێستاش شەوان خەو ناچێتە چاوم".

دانیشتوویەکی تاران بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە کە دەست و قاچی بە ستوونێکەوە شەتەکدراوە و لێکۆڵەرەکان ناویان ناوە "کەبابی مریشک". ئەو دەڵێ "ئازارەکان بێوێنەبوون، گوشار و ئازارەکانی جەستەم بەشێوەیەک بوون، میزم بەخۆمدا دەکرد". زیاتر دەڵێ "هەمیشە بەهۆی تووندیی ئەشکەنجەکانەوە، هەست بەتەنگەنەفەسی دەکەم، لەبەرئەوەی لێرە کەس نییە باسی حاڵی خۆتی بۆ بکەیت".

ئەشکەنجەدراوەکان بۆ رێکخراوەکەیان روونکردووەتەوە کە زۆر لەوان، رووبەڕووی هەڕەشەی گرتنی کەسوکاریان و دایک و باوکە پیرەکانیان و هاوسەرەکانیان بوونەتەوە. هەندێکیان هەڕەشەی ئەوەیان لێکراوە دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر خۆیان یان ئەندامە مێینەکانی ماڵباتەکانیان.

پرۆسەکانی بێسەروشوێنکردن

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە ماڵپەری خۆی و لەمیانی راپۆرتە تایبەتەکەیدا لەسەر ئێران، ئاشکرایکردووە کە توێژینەوەکانی ئەوان دەریانخستووە: "ژمارەیەک گیراو بۆ ماوەی چەندین هەفتە و مانگ، لەو شوێنە نهێنییانەدا بێسەروشوێنکراون کە سەر بە دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگرین، لە نێویاندا بارەگای وەزارەتی هەواڵگری و سوپای پاسداران، هەندێکی دیکەش براونەتە ناو بنکە سەربازییەکان، دامەزراوە وەرزشی و پەروەردەییەکان".

ئەم بێسەروشوێنکردنە وەک رێکخراوەکە دەڵێ، وایکردووە کەسوکاری گیراوەکان سەر بەهەموو شوێنێکدا بکەن بۆ سۆراخی کەسوکارەکانیان، بەڵام دەسەڵاتداران هەڕەشەیان لێکردوون، ئەگەر واز لەو کارە نەهێنن، ئەوانیش دەستگیر دەکەن. لە دۆزێکدا کە رێکخراوەکە دۆکۆمێنتی کردووە، کەسێکی نزیکی دوو گیراو، هەڕەشەی گرتنی لێکراوە ئەگەر واز لە سۆراخکردنی خزمەکانی نەهێنێت.

رێکخراوەکە ئاشکرایکردووە تا ێستا چارەنووسی سێ کەسیان بۆ یەکلانەبووەتەوە، لە نێویاندا مەهدی روباردیان و مستەفا روباردیانی برای، کە خەڵکی شاری هەمشەهرن لە پارێزگای خوزستان. ئەوانە لای کەسوکارەکانیان هیچ سۆراخێکیان نییە.

لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا، لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، زانیارییە راگەیێندراوەکانی ناو راپۆرتەکە لە چاوپێکەوتنی قووڵی 60 گیراوی خۆپێشاندەرەکان وەرگیراوە. ئەمە جیا لە 14 کەسی دیکەی ئاگاداری دۆخی گیراوەکان. هەروەها ئەو زانیارییانەی لە سەدان نامەی خەڵکانی ناو ئێران و شرۆڤەی گرتەی ڤیدیۆیی و بڵاوکراوەی فەرمی و دۆکۆمێنتەکانی تایبەت بە دادگاکانەوە وەرگیراون.



rudaw
Top