رۆژنامەیەکی ئەڵمانی: ئەردۆغان داوای هەڵگیرساندنی جەنگی کردووە
رۆژنامە ئەڵمانییەکە راپۆرتێکی بەناوی "ئەو جەنگەی لەسەر ئەردۆغان حسابە" دەڵێت: "سەرۆکی تورکیا فەرمانی بە ژەنەراڵە سەربازییەکانی داوە، کەشتییەکی یۆنانی نوقم بکەن بەبێ خستنەوەی ژمارەی زۆری قوربانی، بەڵام ژەنەراڵەکان ئەو فەرمانەیان رەتکردووەتەوە".
رۆژنامەکە لە سەرچاوە سەربازییەکانی تورکیای گواستووەتەوە کە کەسێکی دیکە پێشنیازی کردووە، فڕۆکەیەکی شەڕکەری یۆنان بخرێتە خوارەوە، لەسەر ئەو بنەمایەی کە دەکرێ، کاپتنەکەی بەهۆی خۆهەڵدان بەپەڕەشووت، خۆی رزگار بکات و نەکوژرێت، بەڵام ژەنەراڵە تورکەکان ئەو بیرۆکەیەشیان رەتکردووەتەوە.
رۆژنامەکە دەڵێ ئەنقەرە پێویستی بەهەڵوێستێکی دوژمنکارانەی تووند هەیە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەگەر هەڵوێستی ژەنەراڵەکان نەبووایە، ئێستا لە ناوچەکەدا، جەنگ بەرپا بوو بوو.
بەپێی رۆژنامەکە "ئەردۆغان پەنای بۆ ئەو فێڵە بردووە، دوای بێئومێدبوونی لە جوڵاندنی جەنگ لەگەڵ یۆناندا، لەپێناو دوورخستنەوەی سەرنجی گەلی تورکیا لەسەر داڕمانی ئابووریی وڵات و دراو".
دی فیلت دەڵێ، ئەمە ئاماژەیە بۆ هەڵەی ئەڵمانیا کە هەمیشە داوای گفتوگۆکردن دەکات و ناهێڵێت تورکیا لەلایەن ئەوروپاوە سزا بدرێت، لە کاتێکدا چەندینجار یۆنان دووپاتیکردووەتەوە کە تورکیا، دەیەوێ جەنگ هەڵبگیرسێنێت.
ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی نێوەڕاست، گرژییەکی تووند لە نێوان ئەنقەرە و ئەسینادا بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش دوای ئەوەی تورکیا،درێژکردنەوەی کارەکانی کەشتییە رووپێوەکەرەکان و کەشتییە جەنگییەکانی هاوەڵی راگەیاند، لەپێناو گەڕان بەدوای گازی سرووشتی لە ناوچەکەدا. هەروەها پلانی خۆی بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی و 'مەشقی تۆپخانەکان'ی راگەیاند لە نزیک سنوورە ئاوییە هەرێمایەتییەکانی لە گۆشەی باکووری رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستدا، کارێک کە ئەسینا بە نایاسایی و دەستدرێژی بۆ سەر سنوورە ئاوییەکانی خۆی ناویدەبات.
راپۆرتە رۆژنامەوانی و هەواڵگرییەکان هۆشداری دەدەن، لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان تورکیا و یۆنان کە هەردووکیان ئەندامی ناتۆن، ئەمەش مەترسی لەسەر ئەوروپا و ناوچەکە دروستدەکات.
لە ماوەی رابردوودا، گرژییەکانی نێوان ئەسینا و ئەنقەرە زیاتر پەرەیسەند، کاتێک تورکیا رێگەی بەهەزاران پەنابەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، سنوورەکانی یۆنان ببەزێنن، ئەوکات سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی "کردنەوەی دەرگاکان"ی کرد، بە رێگەدان بەهەزاران پەنابەر بەپەڕینەوە بۆ یۆنان، لە کاتێکدا یۆنان ئەو کارە بە تووندی سەرکۆنە دەکات و یەکێتیی ئەوروپاش دەڵێ، تورکیا پەنابەرەکان وەک کارتی گوشار بەکاردەهێنێت.
شەڕە قسە لە نێوان هەردوو وڵاتدا لەماوەی رابردوو زیاتر پەرەیسەند، کاتێک تورکیا مانگی رابردوو، بڕیاریدا 'ئایا سۆفیا' بکاتە مزگەوت، لە کاتێکدا یۆنان وەک زۆر وڵاتی دیکە، هەنگاوەکەی تورکیای رەتکردەوە و نیکۆس دیندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان، تورکیای بە ستراتیژیەتی نوێی عوسمانی لە ناوچەکەدا تۆمەتبارکرد وەک بەشێک لە 'هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە فراوانخوازییەکانی دژی دراوسێ و هاوپەیمانەکانی'.
rudaw
