کۆرۆنا دەوڵەمەندەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دەوڵەمەندتر کردووە

کۆرۆنا دەوڵەمەندەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دەوڵەمەندتر کردووە
پەتای کۆرۆنا بووەتە هۆکاری دەوڵەمەندتربوونی دەوڵەمەندەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا. پەتاکە کۆی 10 ملیار دۆلاری بە سامانی ئەو دەوڵەمەندانە بەخشیووە کە لە ناوچەکەدا هەن. ئەمە ژمارەکانی ناو راپۆرتێکی نوێی رێکخراوی 'ئۆکسفامە'، لەبارەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا، لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکەی بواری قەڵاچۆکردنی هەژاری، ئاشکرایکردووە کە ملیاردێرەکانی ناوچەکە، کە ژمارەیان 21 ملیاردێرە و هەموویان پیاون، کۆی سامانەکەیان دوو هێندە بووە. ئەو پارەیە بەشی دروستکردنەوەی بەندەرە وێرانبووەکەی بەیرووتی پایتەختی لوبنان دەکات.

رێکخراوەکە لە راپۆرتەکەیدا، کە دەڵێ ملیاردێرەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەرەتای کۆرۆناوە تائێستا 10 ملیار دۆلاریان قازانجکردووە، پشتی بە بەدواداچوونی سامانی ئەو کەسانە بەستووە لە رێگەی ماڵپەری فۆربسەوە، کە ئاماژە بە گۆڕانی رۆژانەی داهاتی دەوڵەمەندەکان دەکات.

نەبیل عەبدە، راوێژکاری رێکخراوی ئۆکسفام بۆ سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە رێگەی ئیمێلەوە قسەی بۆ "حورە" کردووە و زانیارییەکانی خستووەتەڕوو.

بەپێی ئەو رێکخراوە، ئەم زیادبوونە بەرچاوەی سامانی دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە، هاوکاتە لەگەڵ مەترسیی برسیبوونی زیاتر لە 45 ملیۆن کەس لە ناوچەکەدا، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.

ئۆکسفام دەڵێ هەرە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە، لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە، زیاتر لەو پارەیەیان دەستکەوتووە کە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی وەک قەرزی فریاگوزاری، بە وڵاتانی ناوچەکەی بەخشیووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، هەروەها نزیکەی پێنج هێندەی ئەو پارەیەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی هەڵمەتی فریاگوزاری مرۆییەوە بۆ ناوچەکەی کۆکردووەتەوە.

بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، "ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، یەکێک بوو لە دیارترین ناوچەکانی جیهان لە رووی جیاوازیی چینایەتییەوە. پەتاکە بووە هۆی زیاتر قوڵبوونەوەی جیاوازییەکانی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکان"، ئۆکسفام دەڵێ 76٪ی کۆی داهاتی ناوچەکە بۆ تەنیا 10٪ی دانیشتووان دەڕوات، چونکە 37 ملیاردێری ئەو ناوچەیە، هەمان ئەو پارەیەیان هەیە، کە نیوەی دانیشتووانی ناوچەکە هەیانە.

نەبیل عەبدە دەڵێ "پەتاکە، جیاوازییە قوڵەکان و شكستهێنانی گەورەی سیستمە ئابوورییەکانی ناوچەکەی ئاشکراکرد. ملیۆنان دانیشتووی ناوچەکەی بەبێکار یان بێ چاودێری تەندروستی یان هەر جۆرێکی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هێشتووەتەوە، وایکردووە خاوەن سامانە ملیاردێرەکان، لەسەرەتای پەتاکەوە، رۆژانە 63 ملیۆن دۆلار داهاتیان زیاد بکات".

ئەم سامانە لە کوێوە دێت؟

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی چۆنیەتی کۆکردنەوەی ئەو بڕە سامانە گەورەیە لەلایەن ئەو کەسانەوە، عەبدە رایگەیاندووە "خاوەن سامانەکان دەتوانن پارەکانیان زیاتر کەڵەکە بکەن، لە رێگەی بەکارهێنانیەوە بە چەندین رێگەی جیاواز، لە رێگەی کارپێکردن یان پەیوەندییە تووندوتۆڵەکانیان لەگەڵ بڕیاربەدەستەکان، ئەمە ئەوانی خۆشبەختتر کردووە".

هۆکاری سەرەکی ئەو زیادبوونە، بەبڕوای ئەو، پەیوەندی بە سیستمی باجی ناوچەکەوە هەیە "کە هاوکاری دەوڵەمەندەکان و ئەو کۆمپانیایانەیە کە باج نادەن". هەروەها "دژی ماڵباتە هەژارەکان و سیاسەتەکانی سکهەڵگوشینی پەیڕەوکراوی چەند ساڵی رابردووە، ئەمە جیا لە بەتایبەتکردن و چەندین سیاسەتی دیکەی لایەنگری کۆمپانیاکان و دەستڕۆیشتووەکان، کە رۆڵیان دەبێت لە زیادکردنی سامانی دەوڵەمەندەکاندا".

شکستی سیستمی باج

رێکخراوەکە وایداناوە ئەگەر بۆ نموونە لە لوبناندا، باجی هاوکاری بەڕێژەی تەنیا 5٪، لەسەر سامانەکان دابنرایە، دەکرا تەنیا لە داهاتەکاندا بڕی 3،7 ملیار دۆلار دەستبخرێت. ئەمە وەک رێکخراوەکە دەڵێ، بەپێی ژمارە و بڕی داهاتەکانی ساڵی رابردوو، کە دەکرا ئەو پارەیە بەکاربهێنرێت بۆ بونیادنانی ژێرخانی وەک کارەبا، ئاو و خزمەتگوزارییەکان لەپێناو پاراستنی خەڵکی ئەو وڵاتە، لە دوای تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت لە سەرەتای ئەم مانگەدا.

راپۆرتەکە پێیوایە ئەگەر وڵاتانی وەک ئوردن، لوبنان، میسر و مەغریب لە ساڵی 2012ەوە، باجیان لەسەر سامانی دەوڵەمەندەکان دابنایە، ئەو وڵاتانە 38 ملیار دۆلاریان لە باجدا دەستدەکەوت، کە دەکرا بەکاربهێنرێت بۆ باشترکردنی کشتوکاڵ، چاودێری تەندروستیی گشتی و بونیادنانەوەی سیستمەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی.

رێوشوێنە نەزۆکەکان

لەهەمانکاتدا، رێوشوێنەکانی پاراستنی هەژارەکان لە کاتی کۆرۆنادا نەزۆک بوون، هەڵسەنگاندنەکان دەڵێن تەنیا 11 لەسەدی گوژمەکانی هاندان لە ناوچەکەدا، فۆکەسی لەسەر پاراستنی کۆمەڵایەتی و رێوشوێنە تەندروستییەکان بووە.

٪89ی کرێکارە نافەرمییەکانی ناوچەکە، کە ژمارەیان بە 16 ملیۆن کەس خەمڵێنراوە، بەهۆی پەتاکەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

پێشبینیدەکرێت وەبەرهێنانی بیانی لە ناوچەکەدا بەرێژەی 45٪ داببەزێت، هەروەها 1،7 ملیۆن کەس کارەکانیان لەدەست بدەن، کە 700 هەزاریان ئافرەتن، ئەمەش بەرامبەرە بە 42 ملیار دۆلار داهات.

هۆکارەکانی ئەم شکستە، بەبڕوای عەبدە بۆ "یەکەم سیاسەتەکانی سکهەڵگوشینی پەیڕەوکراو لە ساڵانی رابردوودا دەگەڕێتەوە، کە بودجەی گشتی ناوچەکەی شەکەتکردبوو کاتێک کۆرۆنا هوروژمی هێنا".

بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە "کەرتە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان پشتگوێخرابوون، وەک تەندروستی و فێرکردن، کە نزیکبوون لەوەی بەتەواوەتی بکەونە بەردەستی کەرتی تایبەت، ئەمەش وایکرد حکومەتەکان لە بەرامبەر پەتاکەدا خۆیان بەگیرفانی بەتاڵەوە ببیننەوە و توانای وەڵامدانەوەی پەتاکە و هاوکاریی هەژارەکانیان نەبێت".

ئەو زیاتر دەڵێت: "ئەگەر حکومەتەکان باجیان بەسەر داهاتەکاندا بسەپاندایە، ئێستا دەیانتوانی کاری باشتر بکەن و کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکانیش بەو شێوەیە قازانجیان نەدەکرد".

ملیۆنان لە ژێر هەڕەشەدان

بەرپرسانی رێکخراوەکە لە راپۆرتەکەیاندا دەڵێن: "تاوەکو ئەوکاتەی حکومەتەکان بڕیاردەدەن لەوەی پێشینە بۆ بەرژەوەندیی گشتی و هاونیشتمانییەکان بێت و ئەوان لە قازانج گرنگترن، هەروەها دەوڵەمەندەکان ئەو پارە شایستەیەی باج دەدەن کە لەسەریانە، ملیۆنان کەسی دیکە بەرەو کەناری هەژاری هەنگاو دەنێن و لە مافە بنچینەییەکانیان بێبەش دەبن".

ئەو روونیدەکاتەوە "بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ، پێشینە لەو وڵاتەدا بۆ قازانج بوو لەسەر حسابی گشتی و سەلامەتی. ناکرێ ئەنجامی لەوە روونترمان دەستبکەوێت لەوەی لە تەقینەوەی بەندەرەکەی بەیرووتدا روویدا، کە بەشێوەیەکی زۆر گەورەی پێشتر نەبینراو، رادەی لەرزۆکیی ئابووریی ناوخۆیی وڵاتەکەی دەرخست و ئەوەش رۆڵی دەبێت لە زیادبوونی نایەکسانییەکان لە لوبناندا".

زوو فریاکەون..

رێکخراوەکە هانی حکومەتەکانی ناوچەکە دەدات بۆ "بەخۆکەوتنی زوو و زیادکردنی داهاتەکان، بۆ پاراستنی چینە هەرە لاوازەکانی کۆمەڵگا".

بۆ رێگرتن لە پاڵنان بە ملیۆنان کەسەوە بەرەو کەنارەکانی هەژاری، دەڵێ: "پێویستە حکومەتەکانی ناوچەکە، بەخێرایی پەیڕەوی سیاسەتی کەمکردنەوەی نایەکسانی بکەن لە کۆمەڵگاکانیاندا، بۆ نموونە لە کەرتەکانی تەندروستی و فێرکردندا، هەروەها دەبێ لانیکەم کرێی رۆژانە زیاد بکرێت و باج بەسەر هەموواندا، بەشێوەیەکی یەکسان بسەپێنرێت، بۆ بونیادنانی ئابووری و کۆمەڵگەی باشتر و یەکسانتر".



rudaw
Top