بۆ رێگری لە کۆرۆنا تورکیا خەتەنەکردن و خەنەبەندان لە 14 پارێزگا قەدەخە دەکات

بۆ رێگری لە کۆرۆنا تورکیا خەتەنەکردن و خەنەبەندان لە 14 پارێزگا قەدەخە دەکات
لە تورکیا و باکووری کوردستان دوای ئەوەی لە 1ی حوزەیرانی رابردوو قۆناخی ئاساییبوونەوەی ژیان راگەیێندرا، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 رووی لە هەڵکشان کرد. بەوهۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە 14 پارێزگا سازدانی ئاهەنگەکانی خەتەنەکردن، خەنەبەندان و مارەبڕینی قەدەخەکرد کە 7 پارێزگایان لە باکووری کوردستانن و رایگەیاند، نابێت ئاهەنگەکانی بووک گواستنەوە لە یەک کاژێر زیاتر بخایێنێت.

پارێزگای ئەرزەڕۆم یەکێکە لەو پارێزگایانەی بڕیارەکە دەیگرێتەوە، خاوەنی هۆڵەکان دەڵێن، ئەو بڕیارە زیانێکی زۆریان پێدەگەیێنێت و پێشیانوایە بەهۆی گرتنەبەری ئەو رێکارانەوە ئاهەنگ و خەنەبەندان بە نهێنی روو لە زیادبوون بکات.

حیکمەت کاراجا، سەرۆکی ژووری فۆتۆگرافەر و پیشەگەرانی ئەرزەڕۆم دەڵێت "ئێمە وەرزی کارکردنمان تەنیا سێ مانگە. وەکو دەزانن شارەکەمان شارێکی زستانەیە، وەرزی ئاهەنگگێڕان تەنیا سێ مانگە، با ئەوپەڕی چوار مانگ بێت، لەم کەرتەدا تەنیا دەتوانین لەو ماوەیەدا کاربکەین. ئێمە چانس و بژاردەی ئەوەمان نییە کارەکانمان بۆ 12 مانگ، تەنانەت بۆ شەش مانگ درێژبکەینەوە".

خاوەنی هۆڵەکان و رێکخەرانی ئاهەنگەکان لە ئەرزەڕۆم داوادەکەن حکومەت بەو بڕیارەدا بچێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی پارێزگاریان کرد.

نەجلا چیفتچی، رێکخەری ئاهەنگی بووک گواستنەوە ئاماژە بەوە دەکات "تەنیا 55 رۆژ رێگەیان پێداین کاربکەین. لەو ماوەیەشدا نەمانتوانی برینەکانمان ساڕێژبکەین. نەمانتوانی قەرزەکانمان بدەینەوە؛ ئێمەش دەبێت بەجۆرێک درێژە بە ژیانمان بدەین. کرێمان لەسەرە، دەبێت مووچەی کارمەندەکانمان بدەین. ئەم کەرتە تەنیا لە هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان پێکنەهاتووە، ئامادەکردنی داوەتنامە، جلی بووکێنی، میوزیکژەن، گارسۆن و خزمەتگوزار دەگرێتەوە. داوادەکەین چارەیەک بۆ کێشەکانمان بدۆزرێتەوە".

وێڕای رێنماییەکان، هۆڵەکانی بووک گواستنەوە لە بەشێكی زۆری شار و ناوچەکانی باکووری کوردستان جمەیان دێت و خەڵکێکی زۆر بەبێ گوێدانە رێنماییەکان زەماوەند دەکەن.



rudaw
Top