ڕۆیتەرز: ڕێبەرانی لوبنان لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ ڕێک کەوتوون

ڕۆیتەرز: ڕێبەرانی لوبنان لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ ڕێک کەوتوون
لە حاڵێکدا بڕیارە ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆماری فەڕەنسا جارێکی دیکە سەردانی لوبنان بکاتەوە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، ڕێبەرانی سیاسیی لە بەیرووت لەبارەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ ڕێک کەوتوون.

لەمبارەوە چەند ئاژانسێکی نێودەوڵەتی بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی باڵای لوبنان و چەند سەرۆکوەزێرێکی پێشووی ئەو وڵاتە بڵاویان کردووەتە کە بەرپرسانی باڵای بەیرووت و گرووپ و لایەنەکان لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون مستەفا ئەدیب، باڵوێزی ئێستای لەوبنان لە بەرلین، وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە بناسێنن.

مستەفا ئەدیب، لە ساڵی ٢٠١٣وە باڵوێزی لوبنانە لە بەرلین و پێشتر ڕاوێژکاری نەجیب میقاتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لوبنان و ئەندامی ئەو کۆمیتەیە بووە کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی لوبنانیان نووسییەوە و دواتر لەلایەم میقاتییەوە وەک سەرۆکی کابینەکەی دەستنیشان کرا.

بە مەبەستی ئامادەکارییەکان بۆ کاندیدکردنی مستەفا ئەدیب، وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ، میشل عەون سەرکۆماری لوبنان لەگەڵ کوتلەکانی پەرلەمان دەستی بە گفتوگۆ کردووە.

سەعد حەریری و نەجیب میقاتی، دوو سەرۆکوەزیری پێشوو و چەند سەرۆکوەزیرێکی پێشووتری لوبنان لەسەر کاندیدکردنی مستەفا ئەدیب وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ هاودەنگن.

ئاژانسی (ڕۆیتەرز) ئەم هەواڵەی لەزاری دوو بەرپرسی باڵای لوبنان، هەروەها ئاژانسی (ئەسیوشیتێدپرێس)، ئەم هەواڵەیان لەزاری چوار سەرۆکوەزیری پێشووی لوبنان ڕاگەیاندووە.

ئەم پرسە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەڕەنسا، جارێکی دیکە بۆ یارمەتیدانی قەیرانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە سەردانی بەیرووت بکاتەوە و لە سەفەری پێشووشدا ماکرۆن داوای لە لایەنەکانی لوبنان کردبوو کە گفتوگۆکانی نێوانیان بگەیەننە ئەنجام.

ڕۆیتەرز لەمبارەوە نووسیویە: "ئیمانوێل ماکرۆن پەیوەندیی بە ڕێبەرانی لوبنانەوە کردووە و لە ڕێککەوتن لەسەر سەرۆکوەزیرانی نوێی ولاتەکەیان یارمەتیدەر بووە و ئاگاداری ڕێککەوتنەکانی نێوانیانە".

پاش تەقینەوەی مانگی پێشووی بەیرووت، کە سەرلەبەری ئەو وڵاتەی تووشی قەیرانی مرۆیی، ئابووری و سیاسی کردەوە، ململانێیە سیاسییەکانی لوبنانی قووڵتر کردەوە و سەرەنجام حسان دیاب و کابینەکەی دەستیان لەکار کێشایەوە.

تەقینەوەکەی بەیرووت بووە هۆی کوژرانی ١٩٠ قوربانیی لێ کەوتەوە و بە هەزاران هاووڵاتیی ئەو وڵاتەی بێ خانە و لانە کرد و بەشێک لە بەیرووتیشی خاپوور کرد.













باسنيوز



Top