ئەردۆغان سەرکردەکانی فەرەنسا و یۆنان بە چاوچنۆک و نەشیاو ناودەبات

ئەردۆغان سەرکردەکانی فەرەنسا و یۆنان بە چاوچنۆک و نەشیاو ناودەبات
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووند لە سەرکردەکانی فەرەنسا و یۆنان دەگرێت و بە "چاوچنۆک و نەشیاو" ناویان دەبات.

گوتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەکاتێکدان، ئەمڕۆ 30-8-2020 تورکیا ساڵیادی سەرکەوتنی شەڕی ساڵی 1922ی کردەوە؛ لەو ساڵەدا سوپاکانی تورکیا و یۆنان رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و تورکیا سەرکەوت.

کێشەیەکی جیدی لەنێوان ئەنقەرە و ئەسینادا لەبارەی گەڕان بۆ دەستکەوتنی گازی سروشتی لە هەندێک ناوچەی دەریای ناوەڕاستدا هەیە. لەم گرژییەدا فەرەنسا پاڵپشتی لە یۆنان دەکات و ئەوەش کێشەی لەنێوان ئەندامانی ناتۆدا دروستکردووە.

قوبرس یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە داوای پشکی خۆی لە وزەی دەریای ناوەڕاست دەکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتەیەکدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، "ئایا یۆنانییەکان قبووڵی ئەوە دەکەن کە دەکرێت بەسەریان بێت، ئەوەش بەهۆی سەرکردە چاوچنۆک و نەشیاوەکانیان؟ ئایا فەرەنسییەکان دەزانن چ باجێک دەدەن، ئەوەش بەهۆی سەرکردە چاوچنۆک و نەشیاوەکانیان؟"

کێشەی نێوان ئەندامەکانی ناتۆ لە 10ی ئەم مانگە دەستیپێکرد، ئەوەش کاتێک کەشتییەکی جەنگی تورکیا چووە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان. دوای ئەوە، هەردوولا دەستیان بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی کرد.

دواتر، کەشتی و فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا شانبەشانی کەشتی و فڕۆکە جەنگییەکانی یۆنان دەستیان بە مانۆڕی سەربازی کرد.
هاوکات، کەشتییە جەنگییەکانی قوبرس، ئیتاڵیا، ئەمریکا لەگەڵ یۆنانی و فەرەنسییەکان دەستیان بە مانۆڕی سەربازی کردووە، بەڵام کەشتیی جەنگی ئەمریکی و ئیتاڵی لەگەڵ تورکەکانیش راهێنانی سەربازی دەکەن.

ئەمڕۆ ئەردۆغان هۆشدارییەکی تووندی دایە فەرەنسا و یۆنان و رایگەیاند، "کاتێک بارودۆخەکە دەگاتە حاڵەتی جەنگ، دوودڵ نابین لەوەی قوربانی بدەین. پرسیارەکە ئەوەیە: ئەوان کەی ئامادە دەبن لە دەریای ناوەڕاست بەرامبەرمان بوەستن؟ ئایا ئامادەن هاوشێوەی ئێمە قوربانی بدەن؟"



rudaw
Top