رۆبۆتێک بۆ دڵنەوایی تووشبووانی کۆرۆنا بەکاردەهێندرێت
رۆبۆتەکە ناوی لالوچی رۆبۆتینایە و لە سەریدا شاشەیەک هەیە کە لە رێگەیەوە نەخۆشەکە دەتوانێت پەیوەندی بە کەسوکارییەوە بکات و قسەیان لەگەڵ بکات.
ئەو رۆبۆتە خۆی ژوور بە ژوور دەگەڕێت و زانیاریی تەواوی لەسەر نەخۆشەکان وکەسوکاریان هەیە و دوای چوونە ژوورەوە و نزیکبوونەوە لە هەر نەخۆشێک، پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاری نەخۆشەکە دەکات.
هەر ئەو رۆبۆتە دەشتوانێت تیمی پزیشكی نەخۆشخانەکەش لە هەر بارێکی لەناکاو ئاگاداربکاتەوە یان هەر کاتێک نەخۆشێک پێوستی بە بینینی تیمەکە بێت رۆبۆتەکە دەتوانێت ئاگاداریان بکاتەوە.
بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە لە شاری مەکسیکۆ دەڵێن، رۆبۆتەکە وایکردووە پزیشک و تیمەکانی تەندروستی بتوانن کەمترین بەرکەوتنیان لەگەڵ نەخۆشەکان هەبێت.
هەروەها رۆبۆتەکە لەکاتی چوون بۆ ژووری نەخۆشەکان دەنگێکی هێمن دەردەکات و پسپۆڕە دەروونیەکانیش دەڵێن، ئەو جۆرە دەنگە کاریگەری لەسەر هێورکردنەوەی دۆخی دەروونی تووشبووەکان هەیە.
rudaw
