ئیمارات مەرسوومی کۆتاییهێنان بە بایکۆتی ئیسرائیلی دەرکرد
رۆژی شەممە 29ی ئاب، ئال نهیان مەرسوومێکی دەرکرد کە تێیدا بە فەرمی ئیمارات کۆتایی بە بلۆککردنی ئیسرائیل دەهێنێت و پەیوەندییەکانیش لەنێوان ئیمارات و ئیسرائیل بە فەرمی دەستپێدەکەنەوە.
دەرکردنی ئەو مەرسوومە دوای 16 رۆژ لە راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل دێت بە نێوەندگیری ئەمریکا کە لە 13ـی ئەم مانگە راگەیێندرا.
میدیای فەرمی ئیمارات ئەو مەرسوومەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، دەرکردنی مەرسوومەکە واتای ئەوەیە لە ئەمڕۆوە کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان دەتوانن دەست بە کاری بازرگانی لە ئیمارات بکەن و هەروەها رێگە بۆ بازرگانیکردنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل دەکاتەوە.
بڕیاریشە رۆژی دووشەممە یەکەمین گەشتی راستەوخۆی فڕۆکە لە ئیسرائیلەوە بۆ ئیمارات ئەنجامبدرێت.
لەو گەشتەشدا کۆمەڵێک بەرپرسی ئەمریکی و ئیسرائیلی لە تەلئەڤیڤەوە دەگەنە ئەبو زەبی، کە جێرید کۆشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ و گەورە راوێژکاری لە نێو ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەدایە کە دەچێتە ئەبو زەبی.
rudaw
