لە ئێران باوكێك بە تۆمەتی كوشتنی كچەكەی بە نۆ ساڵ زیندانیكردن سزا درا

لە ئێران باوكێك بە تۆمەتی كوشتنی كچەكەی بە نۆ ساڵ زیندانیكردن سزا درا
کچێکی تەمەن ١٣ ساڵی خەڵکی پارێزگای (گیلان)ی ئێرانە و دوو مانگ پێش لەلایەن باوکییەوە بە داس کوژرا، ئێستا لەلایەن دادگای گیلانەوە حوکمی نۆ ساڵ بەندکران بۆ باوکی بڕاوەتەوە.

ڕۆمینا ئەشرەفی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵی خەڵکی شاری "تالش" لە وەرزی بەهاری ڕابردوو کە بە بیانووی درەنگ گەڕانەوە بۆ ماڵ، بە زەبری داس لەلایەن باوکییەوە کوژرا، ئەو ڕووداوە لە ئاستی ئێران و میدیاکانی دەرەوەی ئیرانیش کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە.

بە گوتەی مەهدی فەلاح میری، داواکاری گشتیی پارێزگای گیلان، باوکی ڕۆمینا ئەشرەفی لە دادگای بەراییدا بە نۆ ساڵ بەندکران و دانی دییە (لە یاسای سزادانی ئێراندا، جیاواز لە حوکمی زیندان، بڕە پارەیەک وەک دییە لە بکوژ وەردەگیرێت) حوکم دراوە، بەڵام دایکی ڕۆمینا (ڕەعنا دەشتی) تانەی لە حوکمی دادگا داوە.

لە بەرانبەردا گوتەبێژی دادگای گیلان ئاشکرای کردووە کە ئەو حوکمە حوکمی دادگای بەراییە و حوکمی کۆتایی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە دەرێت.

دایکی ڕۆمینا ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەگەر هاوسەرەکەم حوکمی سێدارەی بۆ نەبڕێتەوە، دەبێ زیندانی بکرێت، یان دوور بخرێتەوە بۆ شارێکی دیکە، چونکە چەندین جار بنەماڵەی هاوسەرەکەم (بکوژ) هەڕەشەیان لە خۆم و منداڵە بچووکەکەم کردووە".










باسنيوز



Top