سوپای ئەمریکا: هێزە سەربازییەکان دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەن

سوپای ئەمریکا: هێزە سەربازییەکان دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەن
سەرۆکی ئەرکانی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ئاشکرای کردووە، هێزە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەپێی دەستووری وڵات، دەستێوەدان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا ناکەن.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئەمریکا جەنەراڵ مارک میلی، دوێنێ هەینی 2020.8.28 لە وەڵامی پرسیاری دوو ئەندامی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی کۆنگرێسدا گوتوویەتی: "دەستووری ئەمریکا و ویلایەتەکان، ڕێوشوێنی تایبەتیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و چارەسەکردنی کێشە و ناکۆییەکان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەستنیشان کردووە، بۆیە سوپای ئەمریکاش بەشێکە لەو پرۆسە و یاسایە".

سەرۆکی ئەرکانی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ڕاشی گەیاند: "زۆر بە قووڵی باوەڕم بە بنەمای سوپایەکی بەدوور لە سیاسەت هەیە".

قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا لەبارەی ئەگەری قەبووڵنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی مانگۆ نۆڤەمبەر، بووەتە هۆی ئەوەی هەندێ لە سیاسەتڤانان و سەرکردە باڵا سەربازییەکان، پرسی دەستێوەردانی سەربازییەکان لە هەڵبژاردنەکان بخەنە بەرباس.

ماوەیەک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ ڕای گەیاندبوو حزبی دیموکرات بەتەمای "گزی و فێڵە" لە هەڵبژاردنەکانە و بۆ ئەم مەبەستەش دەیهەوێ پرسی کۆرۆنا بکاتە بیانوویەک و فێڵ لە خەڵکی بکات.

بڕیارە مانگی ١١ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئەمریکا بەڕێوە بچێت کە تێیدا جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆامری ئێستا و کاندنی حزبی کۆماری پێکەوە بۆ پۆستی سەرکۆماری ڕکابەرێ دەکەن و هەر لە ئێستاوە بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتە جیاجیاکان دەستی پێ کردووە.






باسنيوز
Top