ئێران پەشیمان دەبێتەوە و خۆی دەکاتە خاوەنی کەشتییە دەست بەسەرکراوەکان

ئێران پەشیمان دەبێتەوە و خۆی دەکاتە خاوەنی کەشتییە دەست بەسەرکراوەکان


دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەشیمان دەبنەوە و خاوەندارێتیی کەشتییە دەست بەسەرداگیراوەکان، دەکەن.

رۆژی هەینی 14-8-2020، رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، چوار کەشتی بەناوەکانی لۆنا، باندی، بێرینگ و بیلا، کە نەوتی ئێرانیان بۆ ڤەنزوێلا دەگواستەوە، لەلایەن سوپای ئەمریکاوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26-8-2020، جەلیل ئیسلامی، جێگری سەرۆکی دەزگای کەشتیوانیی ئێرانی بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دەزگاکەی سکاڵایەکی یاسایی لە دەزگای کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە دژی ئەمریکا، تۆمار کردووە.

سکاڵاکەی ئێران بەهۆی دەست بەسەرداگرتنی ئەو کەشتیانەیە لەلایەن ئەمریکاوە، کە نەوتی ئێرانییان بۆ ڤەنزوێلا دەگواستەوە.

دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەکان لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە، حوجەت سوڵتانی، باڵوێزی ئێران لە ڤەنزوێلا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاند، هیچ کەشتییەکی وڵاتەکەی دەستی بەسەردا نەگیراوە و ئەو هەواڵانەی باس لەوەش دەکەن، بەشێکن لە ”شەڕی دەروونی لە دژی ئێران“.

حوجەت سوڵتانی هەروەها رایگەیاندبوو، نە کەشتییەکان ئێرانین و نە خاوەنەکانیان و نە ئاڵای ئێرانیشیان بەرز کردووەتەوە، ”سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێ بەو درۆیە شکستی خۆی، کە ئێمە پێمان چەشتووە، قەرەبوو بکاتەوە“.








باسنیوز
Top