یۆنان دژی توركیا لە دەریای سپی مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدات

یۆنان دژی توركیا لە دەریای سپی مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدات
گرژی نێوان توركیا و یۆنان لە بارەی دەریای سپی بۆ دۆزینەوەی گازی سروشتی كۆتایی نەهاتووە، بە پێچەوانەوە گرژییەكان تا دێت توندتر دەبن، لە تازەترین هەنگاویشدا یۆنان لە دەریای سپی و بەرامبەر بە توركیا، هێزەكانی دەریایی ئامادە كردووە و مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدات.

ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویانکردەوە، توركیا هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی گازی سروشتی و نەوت لە دەریای سپی، لە بەرامبەردا یۆنان بە مانای ئەوەی رووبەڕووی توركیا دەبێتەوە و مانۆری سەربازی ئەنجام دەدات و، لە هەمان كاتدا چاودێری هەموو جموجۆڵەكانی توركیا لە دەریای سپی دەكات.

ئاژانسی (سپۆتنیك) بەشی توركی بڵاویكردووەتەوە، ئەم هەنگاوەی یۆنان ئامادەكارییە بۆ شەڕ، چونكە چاودێری كەشتییەكانی توركیا دەكات و كێشە بۆ كەشتییەكانی دروست دەكات، لە هەمان كاتدا هێزەكانی دەریایی خستووەتە ئامادە باشییەوە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، لە بەرامبەر ئەو هەوڵەی یۆنان، توركیاش بە هەمان شێوە دەستی كردووە بە مانۆڕەی سەربازیی و چاودێری ئەو كەشتییانەی یۆنان دەكات كە بە دوای گازی سروشتیدا دەگەڕێن لە دەریای سپی.












باسنيوز



Top