ترەمپ: کازمی سوپاسی کردم و منیش پێمگوت بۆ راگەیاندنەکانی باسبکە

ترەمپ: کازمی سوپاسی کردم و منیش پێمگوت بۆ راگەیاندنەکانی باسبکە
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەی حیزبی کۆمارییەکاندا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەهۆی شکستپێهێنانی داعشەوە سوپاسی تایبەتی کردووە، ئەویش پێیگوتووە ئەو قسەیە بۆ راگەیاندنەکان بکە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "سەرۆکوەزیرانی عێراق هەفتەی رابردوو لێرەبوو، گوتی دەمەوێت سوپاست/سوپاستان بکەم بۆ تێکشکاندنی داعش. منیش پرسیارم کرد، ئاخۆ سوپاسی من دەکەیت یان ئەمریکا؟ ئەو گوتی 'تۆ، چونکە کاتێک تۆ بوویتە سەرۆک بارودۆخەکە زۆر خراپ بوو و داعش لە هەموو شوێنەکان هەبوون لە عێراق و لە سووریا. بەڵام بەڕێز سەرۆک تۆ تێکتشکاندن.' منیش گوتم باشە، بەڵام ئەوە بە راگەیاندنەکان بڵێ. ئەویش گوتی وادەکات. بابزانین وادەکات''.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، "لە ماوەی سەرۆکایەتیی مندا بوو داعش بە تەواوی شکستی پێهێنرا، هەر بۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراقیش سوپاسی تایبەتی منی کرد".

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئاماژەی بەوە دا، بەم زووانە بڕێکی زۆر ڤاکسینی کۆرۆنا ئامادە دەبێت. ئەوەیشی خستەڕوو، کاری زۆر باشیان بەخێرایی و کواڵیتییەکی بەرز کردووە و کۆمپانیاکانی دەرمان بەرەوپێشچوونی باشیان لە دروستکردنی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسەکەدا بەدەستهێناوە.

لە بەشیکی دیکەی گوتەکانیدا دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کارەکانیەوە لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا گوتی، لە چەندین رێککەوتننامە کشاینەوە و گەورەترین گوشارم لەسەر چین دروستکردووە.
k24 -
Top