سوارێز نزیکە لە دەرچوون لە بارسێلۆنا
رۆناڵد کۆیمانی راهێنەری نوێی یانەی بارسێلۆنا داهاتووی دوو یاریزانی دیکەی یانەکەی یەکلایی دەکاتەوە.
رۆژنامەکانی ئیسپانیا بڵاویانکردووەتەوە، رۆناڵد کۆیمان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ لویس سوارێز ئەنجامداوە و پێی راگەیاندووە لە پلانەکانیدا نییە بۆ وەرزی داهاتوو و پێویستە بۆخۆی یانەیەکی نوێ بدۆزێتەوە.
پێشتر سوارێز رایگەیاندبوو کە دەیەوێت لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە، بەڵام ئێستا کۆمان قسەیەکی دیکەی هەیە و ئەو یاریزانەی ناوێت، هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە بارسێلۆنا بە بڕێک پارە و گۆڕینەوەی سوارێز بە ڤان دی بێک لەگەڵ ئەیاکس بکات.
جگە لە سوارێز، بە هەمان شێوە راهێنەرە هۆڵەندییەکە تەلەفۆنی بۆ ئارتورۆ ڤیدالیش کردووە و پێی گوتووە تۆ لە پلانەکانی وەرزی داهاتوومدا نیت و ئەگەر هەیە ڤیدال بڕوات و رووبکاتە ئینتەرمیلان.
رۆژنامەکانی ئیسپانیا باسیان لەوەشکردووە، کە چاکسازییەکانی رۆناڵد تەنیا ئەم دوو یاریزانە ناگرێتەوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەنووسی چەند یاریزانێکی دیکەش لە یانەکەدا ئاشکرا دەبێت کە ناوی کەسیان نەهێنراوە.
rudaw
