سەرۆکی پەرلەمان و عەرەبە شیعەکانی لوبنان هەوڵی گەڕاندنەوەی سەعد حەریری دەدەن

سەرۆکی پەرلەمان و عەرەبە شیعەکانی لوبنان هەوڵی گەڕاندنەوەی سەعد حەریری دەدەن
سەرۆکی پەرلەمان و پێکهاتەی شیعەی لوبنانی هەوڵی گەڕاندنەوەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی وڵاتەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت، دەدەن.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، نەبیه بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان پێشنیازی گەڕاندنەوەی سەعد حەریری، سەرۆکی رەوتی ئەلموستەقبەل و سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت، دەدەن.

دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەعد حەریری لە مانگی 10ـی 2019، پەرلەمانی لوبنان حەسان دیابی لە مانگی 12ـی 2019 حەسان دیاب حکوومەتی نوێی لوبنانی پێکهێنا و دوای تەقینەوە گەورەکەی بەیرووتیش، حکوومەتەکەی خۆی هەڵوەشاندەوە.

ئێستا لایەنە شیعەکان پشتگیریی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن بۆ سپاردنەوەی سەرۆکایەتیی حکوومەت بە سەعد حەریری، کە دوو جار لە نێوان ساڵانی (2009-2011) و (2016-2019) سەرۆک وەزیرانی لوبنان بووە.

هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، پارتی قواتی لوبنانی، کە سەمیر جەعجەع سەرۆکایەتیی دەکات، دژایەتیی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی سەعد حەریری بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی لوبنان نیشان داوە.

رۆژی 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 181 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.

تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.

لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛

- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی

- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب

- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب

بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.











باسنيوز



Top