هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازیی بەغدا دەکشێنەوە
هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازی لە باکووری بەغدای پایتەختی عێراق، دەکشێنەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (ئەلعەرەبییە)، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 23-8-2020، هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی تاجی لە باکووری رۆژئاوای بەغدا دەکشێنەوە و رادەستی سوپای عێراقی دەکەنەوە.
کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان، کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەو بنکەیە جێگیر ببوون، لە کاتێک دایە، کە چەکدارانی داعش لە عێراق بەردەوامن لەهێرش و کردە تیرۆریستییەکانییان.
پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 5-1-2020، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
