سوپا و حکوومەتی لیبیا شەڕ رادەگرن
هەردوو سوپای نیشتمانیی لیبیا و حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی ئەو وڵاتە شەڕی نێوانیان رادەگرن.
رۆژی هەینی حکوومەتی لیبیا لە بەیاننامەیەکدا، راگرتنی شەڕی لەلایەن خۆیەوە راگەیاند و داوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لیبیای لە مانگی ئاداری 2021، کرد.
دوای ئەو بەیاننامەیەی حکوومەتی لیبیا، عەقیلە ساڵح، سەرۆکی پەرلەمان، کە چووەتە پاڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەی، بەیاننامەیەکی دەرکرد و تێیدا داوای راگرتنی شەڕ و ئاشتبوونەوەی نیشتمانی کرد.
حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی رەوتی ئیخوان موسلیمین لە لیبیا پێکهێنراوە و تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، کە خۆی وەک رێبەری رەوتی ئیخوان موسلیمین وێنا دەکات، بە ناردنی چەک و میلیشیای چەکداری، هاوکاریی ئەو حکوومەتە دەکات.
سوپای نیشتمانیی لیبیا بە سەرۆکایەتیی خەلیفە حەفتەر، دژایەتیی خۆی بۆ رەوتی ئیخوان موسلیمین راگەیاندووە و وڵاتانی میسر، سعودیە و ئیمارات، کە رەوتی ئیخوان موسلیمینیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە، پاڵپشتی دەکەن.
باسنیوز
