روسیا رای خۆی لەبارەی سەپاندنەوەی سزکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بەسەر ئێراندا ئاشکرادەکات

 روسیا رای خۆی لەبارەی سەپاندنەوەی سزکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بەسەر ئێراندا ئاشکرادەکات
جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئیدانەی نیازی ئەمریکا دەکات بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر ئێران.

روسیا ئیدانەی پلانەکەی ئەمریکا دەکات بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر ئێران

بەگوێرەی هەواڵێکی روسیا تودەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە سێرگی ریابکۆف جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئیدانەی پلانەکەی ئەمریکا دەکات بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر ئێران.

تاران لەهەماهەنگیدایە لەگەڵ چین و روسیا لەبارەی نیەتی سەپاندنەوەی سزاکان بەسەریدا


لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رونیشیکردەوە، تاران لەهەماهەنگیدایە لەگەڵ چین و روسیا لەبارەی نیەتی سەپاندنەوەی سزاکان بەسەریدا.

لەبارەی ئەوەی کە گوایا ئەمریکا بەهاوکاری ئێران دژایەتی روسیا و چین جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئەوە هیچ بنەمایەکی نیە و ئەوان لەهەماهەنگیدان لەگەڵ ئێران.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، سەرلەئێوارەی دوێنێ (بەکاتی واشنتن) دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەفەرمی داوا لەنەتەوە یەکگرتوەکان دەکاتەوە کە هەمو سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا بسەپێنێتەوە، ئەوەشی ناوناوە میکانیزمی "گێڕانەوە" کە بەهۆیەوە کۆتایی بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی کاریگەر دەهێنێت کە ساڵی 2015 واژۆکراوە و ئەمریکاش لەساڵی 2018 لێی کشاوەتەوە.

لای خۆشییەوە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە بەیاوەری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وڵاتەکەی سەردانی نیویۆرک دەکات و داواکارییەکانی ترمپیان لەبارەی ئێرانەوە پێڕادەگەیەنێت.

لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فۆکس نیوز، پۆمپیۆ راشیگەیاندوە، " سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش دەبینم و دوای ئەویش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان."

جەختیشیکردەوە،" هەمو ئەو سزایانەی کە پێشتر بەهۆی رێککەوتنە گاڵتەئامێزەکەی ئەتۆمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی کاتی راگیرابون، بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێنەوە."

کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە، تا کۆتایی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵی ئەمریکا و یەکلایبونەوەی ترەمپ پابەند دەبن بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ئەوەش وەک گرەوێک بۆ سەلماندنی ئەوەی سیاسەتەکانی ترەمپ کاریگەری لەسەر ئێران نەبوە، لەو رێگەیەشەوە ئێران دەیەوێت سزای ترەمپ بدات.




خەندان-
Top