بەهای کۆمپانیای ئەپڵ گەیشتە 2 ترلیۆن دۆلار
کۆمپانیای ئەپڵ کە دروستکەری مۆبایلی ئایفۆنە، دوای ئەوەی بەیانی رۆژی چوارشەممە نرخی پشکەکانی بە رێژەی ١.١٪ بەرزبووەوە، بەهاکەی گەیشتە ئەو ئاستە.
هەریەکە لە ئەمازۆن، مایکرۆسۆفت و ئەلفابێتی خاوەنی گوگڵ لە دوای کۆمپانیای ئەپڵەوە دێن کە بەهای هەریەکەیان لە بازاڕەکاندا لە سەرووی یەک ترلیۆن دۆلارەوەیە.
بەهای پشكەکانی ئەپڵ لەم کاتەدا گەیشتووەتە نزیکەی دوو هێندەی بەهاکەی لە مانگی ئاداردا کە ئەوەش وایکرد سەرمایەی تیم کوک، بەرێوەبەری جێبەجێکاری گشتیی کۆمپانیاکە بۆ یەکەمینجار بگاتە ١ ملیار دۆلار.
ئەگەرچی لەماوەی کەرەنتین و قەدەخەی هاتووچۆدا، خواست لەسەر بەرهەمی کۆمپانیا تەکنەلۆجیەکان بە گشتی زیادیکردووە، بەڵام ئەپڵ توانیویەتی لە رکاربەرەکانی خێراتر گەشەبکات و داهاتێکی زیاتر کۆبکاتەوە، ئەوەش لە رێگەی زیادکردنی بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی وەکو کاتژمێری زیرەکی دەست، تابلێت، ئەپلیکەیشن و خزمەتگوزاریی نوێ کە لە ماوەی بڵابوونەوەی کۆرۆنا بەکارهێنەریان زۆربووە.
لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا ئەپڵ رایگەیاند، قازنجەکەی بە رێژەی ٨٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ١١ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار و کۆی گشتی داهاتی بە رێژەی ١١٪ بەرزبووەتەوە بۆ ٥٩ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار.
یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەپڵ سەرکردایەتی تیم کووک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گشتییەتی کە ماوەیەکی کەم دوای مردنی ستیڤ جۆبز لە ساڵی ٢٠١١ ئەو پۆستەی وەرگرت.
لورا مارتن، شرۆڤەکارێکی بواری کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانە و لە بارەی تیم کوکەوە دەڵێت، "ئەو هیچ شتێکی نوێی دانەهێنا، بەڵام ئەوەی کردوویەتی ئەوە بووە کە بەهێزەوە سوکانی کەشتیەکەی گرتەدەست و بەباشی ئاراستەی کرد. شایەنی ئەوەیە کە زۆر ستایشی بکرێت بۆ گەیاندنی داهێنانەکانی ستیڤ جۆبز بەو سەرکەوتنە"
rudaw
