زانا روسیەکە کە ڤاکسینی کۆرۆنای تۆمارکردووە تەمەنی تەنیا 30 ساڵە
ئیلناز ئیماتدینۆڤا پەرەپێدەری سەرەکی ڤاکسینەکەیە و میدیای رووسیا دەڵێت، ئەوەندە دڵنیایە لە ڤاکسینەکەی کە لەسەر خۆی تاقیکردووەتەوە. ئەو زانا گەنجە خەڵکی تەتەرستانە و کاتێک 24 ساڵ بووە بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە. نەک بە تەنیا خۆی، بەڵکو ڤلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری رووسیا، بە راگەیاندنەکانی گوت، ڤاکسینەکەی لەسەر کچەکەی تاقیکراوەتەوە و تەندروستی کچەکەی ئێستا باشە.
ئیماتدینۆڤا لە ناوەندی توێژینەوەی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی ڤایرۆس ناسراو بە ڤیکتۆر کار دەکات و ماوەی شەش ساڵە لەو دامەزراوەیەی سەر بە دەوڵەتە. ناوەندەکە زۆر بە نهێنی کار دەکات و خزمێکی ئەو زانایە دەڵێت، لە ڤیدیۆیەکدا کە بڵاوکراوەتەوە ئیماتدینۆڤای بینیوە و ئەو کاتە زانیویەتی لەو شوێنە کار دەکات.
بەڵام ئێستا هەواڵەکانی تایبەت بەو زانا رووسییە چیدیکە نهێنی نین و لەگەڵ میدیاکان چاوپێکەوتن دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا زانیاری زۆر لەبارەی ئەو زاناوە بەردەست نییە، جگە لە هەندێک وێنە و هەندێک قسە کە لەسەر پرۆفایلەکەی دایناون، لەوانە کە حەز بە جگەرە و کحول ناکات، ئەوەش کە وێنەی زۆری پشیلە بڵاودەکاتەوە. رۆژنامەی کۆمسمۆڵ پراڤدە کە بابەتێکی لەسەر ئەو زانایە بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، ئێستا هێندە سەرقاڵە، ناتوانێت چیدیکە ئاگای لە پشیلەکانی بێت.
زانا رووسییەکە لە چاوپێکەوتنێک لە کەناڵی سەر بە دەوڵەت، رووسیا 24 باس لەوە دەکات ئەو کەسانەی پێشتر تووشی کۆرۆنا بوون، دەکرێت تەنیا بۆ چەند مانگێکی کەم پارێزراو بن ، بۆیە بەرگری بە کۆمەڵ چارەسەرێکی باش نییە لە بەرامبەر کۆرۆنا. بەرگریی گشتی بەو دۆخە دەگوترێت کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووان تووشی کۆرۆنا ببن و پاش چاکبوونەوە بەرگری گشتی لە دژی ڤایرۆسەکە دروستببێت.
ڤلادیمیر پووتین هەفتەی رابردوو تۆمارکردنی ڤاکسینەکەی راگەیاند و دەڵێت ڤاکسینەکە سەلامەت و کاریگەرە. دکتۆر ئەنتۆنیۆ فاوچی، گەورە شارەزای ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا ڤاکسینە رووسیەکە بە "ناڕاست" ناودەبات و دەشڵێت، رەنگە کۆتایی ئەمساڵ بزانن ئاخۆ ڤاکسینێکی سەلامەت و کاریگەر بوونی هەیە یان نا.
rudaw
