سەرۆکی مالی دەستیلەکارکێشایەوە

 سەرۆکی مالی دەستیلەکارکێشایەوە
سەرۆکی مالی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند و پەرلەمان و حکومەتی وڵاتەکەی هەڵوەشاندوە، ئەو هەنگاوە لە پاش دەستگیرکردنی لەلایەن چەکدارە یاخیبوەکانی وڵاتەکەی دێت لە کودەتایەکی سەربازیدا.

ئیبراهیم بوبەکر کیتا، سەرۆک کۆماری مالی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێکدا کە لە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی بەشێوەی راستەوخۆ گواسترایەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند، بەوەش پەرلەمان و حکومەتی وڵاتەکە هەڵوەشایەوە.

کیتا لە وتارەکەید باسی لەوەشکرد، "دەمەوێت سوپاسی گەلی مالی بکەم کە چەندین ساڵە بە سۆزەوە پشتیوانیان لێکردوەم و رایبگەیەنم لەم چرکەیەوە واز لە هەمو دەسەڵاتەکانی خۆم دەهێنم".

ئاماژەی بەوەشکرد، بە راگەیاندنی ئەو بڕیارەی پەرلەمان و حکومەتی وڵاتەکە هەڵدەوەشێتەوە.

لەپاش دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی مالی چەکدارە یاخیبوەکان رایانگەیاند، ئەوان بەرپرسیارێتی رزگارکردنی گەل لە ئەستۆ دەگرن، پەیمانیش دەدەن هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وڵاتەکە ئەنجامبدەن.

دوێنێ هه‌واڵی نائاسایبونی دۆخی ئاسایشی و هه‌وڵی كوده‌تای وڵاتی مالییان له ‌رۆژئاوای ئه‌فریقا بڵاوکرایەوە، چه‌ندین به‌رپرسی باڵای حكومی و ئه‌فسه‌ری سه‌ربازی له ‌باماكۆی پایته‌خت ده‌ستگیركران، دوای چەند کاتژمێرێکیش سه‌ركرده‌ی یاخیبوانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستگیكردنی ئیبراهیم بۆباكاری سه‌رۆك و سومه‌یلۆن مایگای سه‌رۆك وه‌زیرانی راگه‌یاند.







خەندان
Top