جەنەراڵێکی رووسیا لە سووریا دەکوژرێت
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژەی بەوە کردووە، تەقینەوەکە بەهۆی تەقەمەنییەکی چێندراوەوە بووە و بە کاروانێکی هێزەکانیان تەقیوەتەوە، دوای ئەوەی لە ئەنجامدانی کارێکی مرۆیی تەواوبوون و بۆ ناوچەکە گەڕاونەتەوە.
راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەلایەن ئاژانسەکانی، Interfax و TASS بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە، سەرەتا ئەو جەنەراڵە برینداربووە، دوای ئەوەی هاوکاریی تەندروستیی پێگەیێندراوە و لە ناوچەکە دوورخراوەتەوە، گیانی لەدەستداوە.
ئەو جەنەراڵە، بەپێی راگەیێندراوەکەی بەرگریی رووسیا، "راوێژکاری باڵای سەربازی بووە کە پلەی جەنەراڵی سەرەکی [لیوا]"ـی هەبووە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا هیچ زانیارییەکی دیکەی لەبارەی ئەو ئەفسەرە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە هەزاران سەربازی رووسیا لە سووریا بۆ پاڵپشتی لە سوپای ئەو وڵاتە جێگیرکراون و دەستێوەردانی رووسیا لە ساڵی 2015 هاوکاریی مانەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریای کرد بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بمێنێتەوە.
لە مانگی تەممووزی رابردوو، سێ سەربازی رووسیا و چەند سەربازێکی تورکیا لەکاتی گەڕانی هاوبەش لە ناوچەکانی دەوروبەری ئیدلب بەهۆی تەقینەوەیەکەوە برینداربوون.
rudaw
