پێکدادانی نێوان سوپای ئەمریکا و سوریا کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە
ئاژانسی هەواڵی سانا-ی سوری بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی ئەمریکا لە شارۆچکەی حەسەکە لە پارێزگای قامیشلۆ لە رۆژئاڤای کوردستان بۆردومانی سوپای سوریایان کردوە، بەهۆیەوە سەربازێکی سوریا کوژراوە و دوانی دیکەش برینداربون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئەمریکا سەرقاڵی گەڕان بون لە پارێزگای قامیشلۆ، بەڵام لەلایەن سوپای ئەسەدەوە رێگیریان لێکراوە، بەوهۆیەشەوە پێکدادان لەنێوانیاندا رویداوە.
لەوبارەیەوە ماڵپەڕی سپۆتنیک-ی روسی بڵاویکردەوە، یەکێک لە بریندارەکان ئەفسەرێکی سوپای سوریا بوە کە پلەی مولازمی هەبوە، لە ئێستادا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی قامیشلۆ چارەسەریان بۆ دەکرێت.
ئەوە جاری یەکەم نییە سوپای سوریا رێگری لە گەڕانی هێزەکانی ئەمریکا دەکات لە رۆژئاڤای کوردستان، بەڵام بەهۆی وەڵامدانەوەی ئەمجارەی هێزەکانی ئەمریکا ئاڵۆزییەکانی نێوانیان زیاتربوە و کوژراو و برینداری لێکەوتوەتەوە.
خەندان
