یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی پرسی ئێران وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە

یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی پرسی ئێران وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە
یەکێتیی ئەورووپا دوێنێ یەکشەممە ئاشکرای کرد ئەمریکا ناتوانێ لە بەرانبەر ئێراندا ڕێکاری توند و (میکانیزمی دەست لەسەر پەلاپیتکە) بگرێتە بەر و گەمارۆ و سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

یەک ڕۆژ پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندبوو دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگیان بە درێژکردنەوەی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ئێران نەدا، واشنتۆن بەتەمایە ڕێکاری توند و بەتایبەتی (میکانیزمی دەست لەسەر پەلاپیتکە) لەدژی ئێران چالاک بکات.

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە لەوە نیگەرانن کە بە کۆتاییهاتنی گەمارۆکانی سەر کەرتی چەکوچۆڵی ئێران لە مانگی ئۆکتۆبەر، ئیتر ئێران ئازادانە دەست بە کڕین و فرۆشتنی چەکوچۆڵ دەکاتەوە و ئەمکارەش ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

پێداگریی دۆنالد ترەمپ لە بەکارهێنانی ڕێکاری توند و (دەست لەسەر چەک) لەدژی ئێران لە حاڵێکدایە کە ئێران دەڵێت ئەمریکا پاش هاتنەدەرەوەی تاکلایەنە لە ڕێککەوتنی ناوکی، ئیتر مافی ئەوەی نییە لەسەر مادەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە ڕای خۆی دەرببڕیت و لەدژی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەڵوێست بگرێت.

چین و ڕووسیا کەلە ئەنجوومەنی ئاسایش مافی ڤیتۆیان هەیە، لەمبارەوە پاڵپشتیی ئێران دەکەن و یەکێتیی ئەورووپاش هەفتەی پێشوو لەمبارەوە دەنگی بەو پیشنیارەی ئەمریکا نەدا کە داوای کردبوو گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ئێران درێژ بکرێنەوە.

بەپێی بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش کە ساڵی 2007 لەدژی ئیران پەسەند کراوە و گەمارۆی نێودەوڵەتیی چەکوچۆڵ خراوەتە سەر ئێران و لە ڕێککەوتنی ناوکیی ئێرانیشدا پێداگریی لەسەر کراوەتەوە، مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەو گەمارۆیە لەسەر ئێران هەڵدەگیرێت.






باسنيوز
Top