جیهان دەستی ناوەتە بینەقاقای حیزبوڵڵا
ئەوە تەنیا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە، بەدوای جێدەستی ئەو حیزبەدا دەگەڕێت لە نێو پاشماوەی وێرانەکەی بەیرووتدا، بەڵکو لوبنانییەکانیش کە هەمیشە خۆیان لە ترس و هەڕەشە و تۆقاندنەکانی حیزبوڵڵا پاراستووە، ئەمجارە کاردانەوەی جیاوازیان پێشاندا. تادێ گومانەکان لە تێوەگلانی ئەو حیزبە لە تەقینەوەکەدا زیاتر دەبن، جا چ گەورەیی تەقینەوەکە بەهۆی چەکە ئەمبارکراوەکانی ئەو حیزبەوە بووبێت، یان نیتراتی ئەمۆنیۆمەکە تەنیا هۆکار بووبێت و ئەویش موڵکی حیزبوڵڵا بێت.
رۆژنامەی واشنتن پۆست، دەڵێ تائێستا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە، لەسەرئەوەی کەرەستە تەقیوەکانی ناو کۆگای ژمارە 12ی بەندەرەکە هی حیزبوڵڵا بووبن، بەڵام لەبەرئەوەی گەورەترین تەقینەوەیە لە مێژووی لوبناندا، کە ساڵانی درێژی شەڕی خوێناویی ناوخۆش، وڵاتەکە ئەوەی بەخۆوە نەبینیوە، بۆیە گومان لە تێوەگلانی حیزبەکە دەکرێت، لەبەرئەوەی حیزبوڵڵا لە رووی سەربازییەوە، لە هەموو گرووپەکانی دیکەی لوبنان بەهێزترە، لە رووی دەسەڵاتیشەوە لە هەموویان باڵادەستترە و جومگە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی کۆنترۆڵکردووە.
تەقینەوەکە ئێوارەی رۆژی 4ی ئابی ئەمساڵ روویدا، سەرەتا تەقینەوەیەکی ئاسایی و پاشان تەقینەوە گەورەکە بەشوێنیدا هات. نیوەی بەیرووت خاپوور بووە و 6 هەزار بریندار و 177 کوژراو ئەنجامی تەقینەوەکە بوون. یونسێف دەڵێ تەقینەوەکە ژیانی دە هەزار منداڵی شارەکەی شێواندووە. بەیرووت لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەوە، بەوێرانەشار دانرا.
هاونیشتمانییانی لوبنان، بەرامبەر کارەساتە گەورەکە، خۆپێشاندانی گەورەیان کرد، داوای رۆیشتنی تەواوی چینی دەسەڵاتداری وڵاتەکەیان کرد. تووڕەییەکانی خەڵک گەیشتنە حیزبوڵڵاش، وێنەی لە کارتۆن دروستکراوی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبەکە، لە گۆڕەپانەکانی بەیرووتدا، هاوتای سەرکردە سیاسییەکانی دیکەی وڵات، لە سێدارەدران.
رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاشکرایکردووە شیعە ناڕازییەکان، بەشێکی بەرچاوی ئەو خۆپێشاندەرانە بوون کە رژانە سەرشەقامەکان و رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیسی وڵاتەکەیان بوونەوە. هەمووان پێیان سەیرە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی وڵاتەکەدا، خۆپێشاندەران هێندە بێترس و بە تووڕەییەوە بێنە سەر شەقام، وێنەی نەسروڵڵا، هاوتای سەرکردەکانی دیکە لە گۆڕەپانی شەهیدان لە ناوەڕاستی بەیرووت، بەدارەوە بکەن.
هیلال خەشان، مامۆستای زانکۆی سیاسی لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیرووت دەڵێ: "حیزبوڵڵا لە تەنگژەدایە، بازنەی خنکاندنی تەسکتر بووەتەوە". ئەو زیاتر دەڵێت "ئەمە تەنگژەیەکی گەورەیە، سیاسییەکان نازانن چیدەکەن، تێنەگەیشتوون لەوەی مەزاجی گشتیی خەڵک لە دژی ئەوانە".
تووڕەیی شیعە
نەسروڵڵا لە وتەیەکدا کە هەینی پێشووی پێشکێشیکرد، ئاماژەی بە "وشەی بریندارکەر و کردەوەی ئازاربەخش" کرد، هەڕەشەی ژێراوژێری لە رەخنەگرەکانی کرد و پرسیاری لە لایەنگرەکانی کرد، گوتی: "دەست بە تووڕەییەکەتانەوە بگرن، رۆژێک دێت پێویستیمان پێی دەبێت، بۆ کۆتاییهێنان بە هەوڵەکانی راکێشانی وڵات بەرەو یەک شەڕی ناوخۆیی و بۆ تاهەتایە". ئەم قسانەی ئەمیندارە گشتییەکە بەوە لێکدرایەوە، کە هەڕەشەیە بە گەڕانەوە بۆ رۆژانی تیرۆری سیاسی لە لوبناندا، کە هەمووی دەدرایە پاڵ حیزبوڵڵا.
بەپێی رۆژنامەکە، ئەمجارە بابەتەکە تەنیا لە کریستیان و سوننەکاندا کورت نابێتەوە، کە بەردەوام لە حیزبوڵڵا و رۆڵی ئەو لە وڵاتدا تووڕەن و بەردەوام، هەڕەشەی بەکارهێنانی چەک لە دژیان دەکات لە ناوچەکانی خۆیاندا. ئەمجارە تووڕەییەکان لەو حیزبە گەیشتوونەتە شیعەش، لە کاتێکدا شیعە سەنتەری توانا و ژینگەی قورسایی حیزبەکەن، بەردەوامیش حیزبوڵڵا کار لەسەر دەمارە هەستیارەکانی ئەو تایفەیە دەکات.
رۆژنامەکە قسەی لەگەڵ خانمێکی شیعەدا کردووە بەناوی نینا لە شارۆچکەی نەبەتیەی باشوور، ئەو گوتویەتی: "من دایکێکم بەهۆی ئاوانەوە ئازارم هەیە". ئەو باس لەو دۆخە قورسە دەکات کە رووبەڕووی بووەتەوە، لەپێناو دابینکردنی خۆراک بۆ ئەندامانی خێزانەکەی لە نێو دۆخێکی ئابووریی قورسدا. ئەو دەڵێ "مێشک شووشتنەوەمان بە بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل نە تێرمان دەکات، نە داهاتووی منداڵەکانمان دابیندەکات، ئەوان هۆکاری هەموو ئەو کێشانەن کە لە وڵاتەکەدا روودەدات".
داڕووخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا، رەنگدانەوەی پێشتر نەبینراوی لەسەر خەڵک دروستکردووە، شیعەکانی لوبنان هەست بەبێزارییەکی زۆر دەکەن. ئەمە ئەو راستیەیە کە ئێستا لە نێو لایەنگرانی ئەو مەزهەبە لە لوبناندا هەستیپێدەکرێت، وەک ئەوەی بەرپرسێکی حیزبوڵڵا کە لە ناوچەی باشووری بەیروت (کۆنترۆڵکراوی حیزبوڵڵا) دەژی، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە.
دەوڵەتی سێبەر
تەنانەت بەر لە تەقینەوەکەش، سێ چارەکی خەڵک تووڕەبوون، پیاوێک رایگەیاندووە کە ئەوان برسییانە، پارەی پێویستیان بۆ کڕینی خۆراک نییە، دەرمانیش هەر باس ناکرێت، ئاماژەی بەوەداوە کە کەس ناوێری هیچ بڵێ "چونکە ئەوان بە ئاگر و ئاسن" حوکم دەکەن.
شرۆڤەکارە دیبلۆماسییەکان دەڵێن، ئێستا حیزبوڵڵا تێدەکۆشێت بۆ هێشتنەوەی ئەو توانا و قەڵەمڕەوەی خۆی، کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە لەو وڵاتەدا دروستیکردووە. لەو کاتەشەوە، حیزبە لایەنگرە چەکدارەکەی ئێران، کۆمەڵگایەکی بونیاتناوە کە هاوتای دەوڵەتێکە لە ناو دەوڵەتی لوبنانیدا، چونکە خاوەنی سوپای تایبەت بەخۆیەتی و کۆگای خۆی هەیە. زۆرجاریش حیزبوڵڵا شانازی بەوەوە دەکات کە قەڵەمڕەوی حیزبەکەی فراوانبووە و عێراق، سووریا و یەمەن دەگرێتەوە. چەکدارەکانی ئەو حیزبە رۆڵی گەورەیان هەبوو لە هێشتنەوەی بەشار ئەسەد، لە دەسەڵاتی سووریادا.
لە هەمانکاتدا، حیزبوڵڵا بەشێوەیەک خۆی خزاندووەتە ناو سیاسەتی لوبنانەوە، ئێستا سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان، حکومەت و سەرۆکایەتی وڵات، لە ژێر دەستی خۆیدان بەهاوکاریی هاوپەیمانەکانی.
تائێستا حیزبوڵڵا گەلویستییەکی زۆری شیعەکانی لەگەڵدایە، پشت بە تۆڕە تایفییە گەورەکانی دەبەستێت، کە خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی پێشکێشی شیعەکان دەکەن، زیاتر لەوەی حکومەت توانای ئەنجامدانی هەیە. حیزبەکە هەروەها تۆڕەکانی چەکدارکردنی میلیشیاکانی پارەدار دەکات و دۆلار دەداتە شەڕکەرەکانی، لە کاتێکدا ئەمڕۆژانە لە لوبناندا، دۆلار دراوێکی دەگمەنە.
هەموو ئەو زانیارییانەی سەرەوە لەلایەن رەبیع تەلیس، چالاکڤان و رۆژنامەڤانی بیقاعەوە درکێندراون، کە پێشتر چەند جارێک بەهۆی رەخنەگرتنی ئاشکرا لەو رێکخستنە، هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.
ئەو روونیدەکاتەوە "درزە چینایەتییەکان" تادێت گەورەتر دەبن، لە نێوان ئەوانەدا کە مووچەکانیان بە دۆلار وەردەگرن و ئەو شیعانەدا کە ئاسایی دەژین و بازرگانییەکانیان بە لیرەی لوبنانی شکستی هێنا، بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەوە. ئەو دەڵێت "بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو هەیە لە رەخنەگرتن لەو حیزبە. خەڵک دەڵێن حیزبوڵڵا شەریکەبەشی گەندەڵی و دزییە، پارێزەری گەندەڵەکانیشە".
دۆخێکی زۆر قورس
خەشان دەڵێ مەرگەساتەکە، وایکرد جارێکی دیکە فۆکەسی نێودەوڵەتی بێتەوە سەر لوبنان، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر پشتگوێخرابوو. ئەوەش هاوکاربوو بۆ هەستکردنی زۆرینەی لوبنانییەکان بەوەی، کە حیزبوڵڵا بووەتە رێگرێکی گەورەی بەردەم گەیشتنی هاوکارییە نێودەوڵەتییە پێویستەکان بە لوبنان، لە کاتێکدا ئابوورییەکەی داڕووخاوە. ئەمە وا دەکات حیزبوڵڵا لە دۆخێکی زۆر قورسدا بێت، لەبەرئەوەی ئێستا هەمووان دەزانن، لوبنان هیچی پێشکێشناکرێت تاوەکو کێشەی حیزبوڵڵا بۆ تاهەتایە یەکلانەکاتەوە.
چەندین دەوڵەت لە سەرانسەری جیهاندا، هاوکاریی مرۆییان پێشکێشی لوبنان کرد، ئامادەییان دەربڕی بڕە پارەی زۆر گەورە پێشکێش بکەن بۆ رزگارکردنی ئابوورییە مایەپوچەکەی لوبنان، بەڵام ئەوە ناکەن تا ئەوکاتەی وڵاتەکە دەستدەکات بە چاکسازییە سیاسییە راستەقینەکان.
فەواز جەرجیس، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە کۆلێژی ئابووریی لەندەن، دەڵێت: "حیزبوڵڵا هەوڵدەدات ئەم دۆخەی ئێستا وەک خۆی بمێنێتەوە و نەگۆڕێت". لە کاتێکدا بەبڕوای کیم غەتاس، لە سەنتەری کارنیگی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: "رکابەرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی حیزبوڵڵا، پێیانوایە ئەم ساتە، ئەوکاتەیە کە پێویستە بیقۆزنەوە بۆ ملکەچپێکردنی ئەو حیزبە."
عیماد سەلام، مامۆستای زانکۆی لوبنانی ئەمریکی پێیوایە کە دینامیکیەتەکە ئێستا جیاوازە، حیزبوڵڵا لە دۆخێکی زۆر لاوازتردایە لە جاران. ئەو دەڵێت: "کەس گومانی لە توانای حیزبوڵڵا نییە لە کۆنترۆڵکردنی سەربازییانەی وڵات، بەڵام دۆخەکە جیاوازە، کاتێک بیر لە کۆنترۆڵکردنی وڵات و پارێزگاری لە کۆدێتای سەربازی دەکەیتەوە، لوبنان وڵاتێکی فرە رەنگە، ئابوورییەکەی بەتوندی وابەستەی رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبییە".
ئەو دەڵێت دەستلەکارکێشانەوەی هەفتەی رابردووی حکومەتی لوبنان بە سەرۆکایەتی حەسان دیاب، کە یەکەم حکومەت بوو بە تەواوی لە حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی پێکهاتبێت، روونیکردەوە ئێران بەتەنیا توانای رزگارکردنی لوبنانی نییە.
رۆژنامەی سەندای تایمزی بەریتانی، لە رێگەی لویز کالاگان، پەیامنێری رۆژنامەکە هەمان ئەو دۆخەی دووپاتکردووەتەوە کە رۆژنامە ئەمریکییەکە باسیدەکات.
کالاگان لە لوبناندا قسەی لەگەڵ چەندین کەسدا کردووە، وەک ئەو دەڵێت هەمووان خەمێکی قووڵ بەرووخساریانەوە دیارە. هەیانە کەسوکاری لە کارەساتەکەدا لەدەستداوە، هەشیانە بۆ کۆچی هاوڕێکانی بەداخە.
ئەوانەی قسەیان بۆ رۆژنامەڤانە بەریتانییەکە کردووە، دووپاتیدەکەنەوە کە رووداوەکە یەکەمجارە حیزبوڵڵا لە ناوخۆی وڵاتدا رووبەرووی تەنگژەیەکی لەو شێوەیە دەکاتەوە، چونکە هەمووان بۆیان یەکلابووەوە سەرئێشە گەورەکان، لە ژێر سەری ئەو حیزبەدان.
کالاگان زۆر کەسی جیاوازی دوواندووە، هەمووان کۆکن لەسەرئەوەی ناکرێ رووداوەکە بەئاسانی تێبپەرێت، چونکە وەک ئەوان دەڵێن: "ئەوەی روویداوە ئاسان نییە، تا لەبیرکردنی ئاسان بێت".
حیزبوڵڵا، لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی رەتدەکاتەوە
پێدەچێ تەقینەوەکە، حیزبوڵڵای خستبێتە گێژاوێکی قوڵەوە، بەشێوەیەک سەرکردەی یەکەمی ئەو حیزبە، هاوسەنگیی خۆی لە قسەکردنیشدا لەدەستداوە.
لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا لە پاش تەقینەوەکە، حەسەن نەسروڵڵا هیچ کەس و لایەنێکی بە تەقینەوەکە تۆمەتبار نەکرد، تەنانەت بەیەک وشەش، باسی دوژمنە سەرسەختەکەشی نەکرد کە ئیسرائیلە. ئەمە هەڵوێستێک بوو هێندەی خۆپارێزی بوو لە تێوەگلان لە شەڕێکی دیکەدا لەگەڵ ئیسرائیل و دووبارەکردنەوەی قسەیەکی سواو، کە چەندین ساڵە ئەو حیزبە بە خەڵکی وڵاتەکەی دەدات، نەوەک جەماوەری تووڕە، پەرچەکردار بەرامبەر ئەو لێدوانانە وەربگرن، لە کاتێکدا پەنجەی تۆمەتبارکردن بە پلەی یەکەم روو لە حیزبوڵڵایە.
دووەم لێدوانی نەسروڵڵا، هێرشی تووندی بۆ سەر ئیسرائیل لە خۆ گرت. ئەو دووپاتیکردەوە ئەگەر ئەوە بسەلمێت کە ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بەندەرە لوبنانییەکە، ئەوان لێیخۆش نابن و باجی قورسی پێدەدەنەوە. ئەمە گۆڕانێکی سەد و هەشتا پلەیی بوو لە هەڵوێستی حیزبەکەدا.
ئیسرائیل هەر زوو بێئاگایی خۆی لە رووداوەکە راگەیاند، دووپاتیکردەوە هیچ هێرشێکی بۆ سەر بەندەری بەیرووت نەکردووە. لە کاتێکدا هێشتا زۆرینەی سەرچاوەکان حیزبوڵڵا بە دەسەڵاتداری یەکەمی بەندەری بەیرووت ناودەبەن و پێیانوایە ئاسان نییە، ئەو حیزبە ئاگای لە کۆگاکردنی 2750 تۆن ئەمۆنیۆم نەبێت.
کاتێک باس هاتە سەر ئەگەری بردنی لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاستی نێودەوڵەتی و بانگهێشتکردنی لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتی، حیزبوڵڵا ئەوەی رەتکردەوە و هەڕەشەی کرد. کەچی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا، ئاشکرایکرد لەگەڵ حکومەتی لوبنان رێککەوتووە، بۆ بەشداریکردن بە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە تەقینەوەی بەندەرەکە.
ئەڵمانیا هۆشداری لە رۆڵی حیزبوڵڵا دەدات
حکومەتی ئەڵمانیا بە فەرمی هۆشداریدا لەوەی تەقینەوەکە ببێتە هۆکارێکی دیکە، بۆ تێکدانی سەقامگیریی لوبنان.
هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، قسەی بۆ رۆژنامەی زاربرۆکۆ تسایتۆنگ کردووە و دەڵێ، دەمانەوێت لوبنان بەهێز ببێتەوە، لەبەرئەوەی ناکرێ ئەو لاواز بێت و خەڵکی بیانی دەرگا بۆ قەڵەمڕەوی خۆیان لە وڵاتەکەدا بکەنەوە.
ئەو گوتی لە لوبناندا، لایەنی چالاکی ناحکومی هەن کە لە دەرەوە پشتگیریدەکرێن، وەک میلیشیاکانی حیزبوڵڵا، کە دەتوانێ بۆشایی ئێستای وڵاتەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە.
وەزیرە ئەڵمانییەکە دووپاتیکردووەتەوە حکومەتی لوبنان بەتەنیا توانای رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی تەقینەوەکەی نییە، بۆیە دەبێ هەمووان هاوکاری بکەن، دووپاتیکردەوە کە نابێ رێگە بدرێت ئەو وڵاتە بکەوێتە دۆخێکی هێندە نەخوازراوەوە، لایەنە بێگانەکان بە تەواوی دەستبخەنە ناو کاروبارەکانییەوە و کۆنترۆڵی بکەن
rudaw
