ئیمارات و ئیسرائیل توێژینەوەی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆرۆنا دەکەن
دوو کۆمپانیای ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو و ئیسرائیل رێککەوتنێک بۆ توێژینەوەی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پەتای کۆرۆنا، واژۆ دەکەن.
رێککەوتنەکە لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات لە نێوان کۆمپانیای ئەبیکسی نیشتمانیی ئیماراتی بۆ وەبەرهێنان و گرووپی کۆمپانیاکانی تیرای ئیسرائیلی، واژۆ کراوە.
بەپێی رێککەوتنەکە، کە دوای رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەبوزەبی و تەلئەڤیڤ واژۆ کراوە، زانایانی هەردوو کۆمپانیاکە بە هاوبەشی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پەتای کۆرۆنا، دەکەن.
خەلیفە یوسف خوری، سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەبیکس رایگەیاندووە، رێککەوتنەکە دەستپێکی کارە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتە لە بواری بازرگانی و ئابووری.
رۆژی پێنجشەممە 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.
باسنیوز
