فڕۆکەیەکی عێراق بە دەیان تۆن هاوکارییەوە گەیشتە بەیرووت

فڕۆکەیەکی عێراق بە دەیان تۆن هاوکارییەوە گەیشتە بەیرووت


فڕۆکەیەکی سەربازیی عێراقی بە دەیان تۆن هاوکارییەوە، گەیشتە بەیرووتی پایتەختی لوبنان.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، فڕۆکە سەربازییەکەی عێراق سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 15-8-2020 گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی بەیرووت.

فڕۆکەکە دەیان تۆن هاوکاریی مرۆیی وەک خواردن و پێداویستیی پزیشکی هەڵگرتبوو، وەک بەشێک لە هاوکارییەکانی عێراق بۆ لوبنان.

دوای تەقینەوە بەهێزەکەی بەیرووت، عێراق بە کەلوپەلی پزیشکی، نەوت و گازی شل هاوکاریی بۆ لوبنان نارد.

رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.

تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.

هەرچەندە عێراق لە وڵاتە یەکەمەکان بوو لە ناردنی هاوکاری بۆ لوبنان و ئێستاش لە ناردنیانبەردەوامە، بەڵام رۆژی 8-8-2020، سوپای لوبنان، کە بە وەرگرتنی هاوکارییەکان راسپێردراوە، ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا کرد، کە دوای تەقینەوەکە هاوکارییان بۆ لوبنان ناردووە، بەڵام هیچ ئاماژەی بە هاوکارییەکانی عێراق نەکرد.







باسنیوز
Top