ئەردۆغان: تورکیا لەگەڵ فەلەستینییەکان دەبێت نەك لەگەڵ ئیسرائیل
سەرکۆماری تورکیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی رێککەوتنی ئیماراتی عەرەبی و ئیسرائیل، ئاشکرا کرد.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی فەرمیی تورکیا، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، تورکیا لەگەڵ فەلەستینییەکان دەبێت، ”هەرگیز رێگا نادەین فەلەستین ببێتە پارووێک بۆ هیچ کەسێک“.
رەجەب تەییب ئەردۆغان وەک کاردانەوەیەک دژی رێککەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرائیل، مەولود چاویشئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ هەڵپەساردنی کارەکانی باڵوێزخانەی تورکیا لە ئیمارات یان کشاندنەوەی باڵوێزەکەیان.
رەتکردنەوەی رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل لەلایەن سەرکۆماری تورکیاوە لە کاتێک دایە، کە تورکیا و ئیسرائیل پەیوەندیی دیپلۆماسییان هەیە و هەردوو وڵات باڵوێزخانەیان لەپایتەختی بەرامبەر، هەیە.
رۆژی پێنجشەممە 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.
باسنیوز
