ئەمەریکا دواین هەڵوێستی لەسەر بۆردومانەکانی تورکیا دەخاتەڕوو
جەیمس جێفری، نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و جەنگی هاوپەیمانان دژ بە داعش رایگەیاند، دەبێت تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق، هێرشەکانی بۆ سەر پەکەکە ئەنجام بدات.
لە میانی چەند لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، جەیمس جێفری لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر بنکەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تورکیا جەنگی دژ بە تیرۆر دەکات و مافی خۆیەتی، بەڵام دەبێت هێرشەکانی بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق بێت.
لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش، جێفری ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە گوێ لە حکومەت تورکیا و هەسەدە دەگرین، ئەوەی ئێستا لە ئارادایە بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵی ئاسوودەین.
راشیگەیاند، لەگەڵ تورکیا رێککەوتنمان هەیە و پابەندین پێوەی، لە نزیکەوە کاریش لەگەڵ هەسەدە دەکەین و پەیوەندییەکی نزیکمان هەیە.
لەبارەی هەژموونی رووسیاش لە رۆژئاوای کوردستان، جەیمس جێفری دەڵێت، رێککەوتنەکانمان لەگەڵ رووسیا زۆر سەرکەوتوو نین، بەڵام ناوچەکە ئارامە و پێشبینی دەکەین کە هەروابێت.
K24
