تەندروستیی جیهانی: نیوەی نەخۆشخانەکانی بەیرووت لەکارکەوتوون
شادی ریزک یەکێکە لە بریندارەکانی تەقینەوەکەی بەیرووت و دەڵێت "ئێمەیان بردە نهۆمەکانی خوارەوە کە بەتەواوی وێرانببوون. ئێستاش نازانم چۆن لە نهۆمی پێنجەمەوە گەیشتینە ئەوێ. بەرد لە هەموو گۆشەیەکەوە بۆمان هات، بەر قاچمان کەوت، قاچم دەمێک هەستی بە هیچ نەکرد. ئێمەیان بردە سەر شەقامەکان، ئاگام لەوەبوو خەڵک هاواریان دەکرد، سامناکبوو".
گلەیی خەڵکی لوبنان لە ئیدارەدانی وڵاتەکە و بەهەدەردانی سامانی گشتییە. هەرچەندە زۆربەی نەخۆشخانەکانی بەیرووت بەهۆی تەقینەوەوە لەکارکەوتوون، بەڵام بە رای خەڵک گەندەڵییەکانە کە ناهێڵێت کەموکوڕییەکانی وڵاتەکەیان بە زوویی چارەسەر ببن.
لوبنانییەکان، لەنێویاندا بریندارانی تەقینەوەکانی بەیرووت، ئەوەندە بێزارن، بەشێکیان دەیانەوێت بۆ هەمیشە لوبنان بەجێبهێڵن.
ئێستا بەیرووت لە باری بەبەرهاتنەوەی هەناسەی ژیانە، یارمەتییەکان وردە وردە دەگەن، بەڵام شتێک لەوانەیە بۆ هەمیشە لە دڵی لوبنانییەکان ببێتە کەسەر، ئەویش خەمساردیی دەسەڵاتدارانی لوبنانە، کە نەک تەنیا نەیانتوانی کۆتایی بە گەندەڵی بهێنن، بەڵکو نەیانتوانی رێگریش لە تەقینەوەیەک بکەن کە چەندینجار هۆشداریی لەبارەوە درابوو.
rudaw
