ئیسرائیل ژمارەیەک بنکەی حەماس بۆردومان دەکات
هێزەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک بنکە و بارەگای بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی فەلەستینی (حەماس) و کەتیبەکانی عزەدین قەسامی باڵی سەربازیی حەماسیان بۆردومان کردووە.
ئەفیغای ئەدرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-8-2020، کۆمەڵگەیەکی سەربازیی دەریایی حەماس و ژمارەیەک بنکەی سەربازیی دروستکراو لە ژێر خاک لە کەرتی غەززە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و تانکەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کراون.
ئەفیغای ئەدرعی هۆکاری بۆردومانەکەی سوپای وڵاتەکەی بۆ ناردنی بالۆنی سووتێنەر لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل گەڕاندووەتەوە و هەڕەشەی بەردەوامیی کردە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژی حەماس، کردووە.
میدیا فەلەستینییەکان باس لەوە دەکەن، کە 20 خانوو و باڵەخانە لە کەرتی غەززە، بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمڕۆ وێران بوون.
باسنيوز
